تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 4, شوبات 2020

تیک تۆک بەشی هەژمار نوێ دەکاتەوە و هاوشێوەی ئینستەگرامی لێ دەکات

درووستکەرانی ئەپی TikTok سەرقاڵی تاقیکردنەوەی دیزاینێکی نوێن بۆ بەشی هەژماری ئەپەکەیان، بەڵام دیزاینە نوێیەکە هاوشێوەی دیزاینی بەشی هەژماری ئەپی Instagram ـی سەر بە فەیسبووکە.

بەڕێز Taylor Lorenz، پەیامنێری پێگەی New York Times ئاشکرای کردووە کە ئەپی TikTok کار لەسەر تاقیکردنەوەی دیزاینێکی نوێ دەکەن بۆ بەشی هەژمار. لە دیزاینە نوێیەکەدا، وێنە و ناو و ناوی بەکارهێنەری هەژمار دەچێتە دەستە چەپ و لە خوارەوەدا بایۆ و ژمارەی شوێنکەوتووان و زیاتر نیشان دەدرێت.

وتەبێژێکی TikTok بۆ تۆڕی The Verge ـی پشتڕاست کردۆتەوە کە کۆمپانیاکە هەمیشە کار لەسەر باشترکردنی ڕووکاری ئەپەکەیان دەکەن و لە ئێستادا سەرقاڵی تاقیکردنەوەی ئەو دیزاینە نوێیەن بۆ بەشی هەژماری ئەپەکە.

ئەم دیزاینە نوێیەی بەشی هەژماری ئەپی TikTok، زۆر نزیکە لە دیزاینی بەشی هەژماری ئەپی Instagram. ئەگەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بردنی بیرۆکەی یەکدی بەردەوام بن، دوور نییە لە داهاتوودا بە ئەستەم بناسرێنەوە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی داگرتنەکانی ئەپی TikTok گەیشتە 1.5 ملیار جار و سێهەم ئەپی زۆرترین جار داگیراو بوو لە ساڵەکەدا، ئەمەش بە گەشەیەکی ئێجگار خێرای ئەو تۆڕەی تایبەت بە گەنجان هەژمار دەکرێت.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامن لە بەکارهێنانی بیرۆکەکانی یەکدی. لە ڕابردوودا، Instagram بیرۆکەی Snapchat ـی برد و بەشی ستۆری درووستکرد، دووبارە Instagram لە هەوڵیدا تایبەتمەندییەکی نوێ بە ناوی Reels بەردەست بکات کە هاوشێوەی دەستکاریکردنی ڤیدیۆکانی نێو ئەپی TikTok ـە. ئەوەتا TikTok ـیش وا خەریکە بیرۆکەیەکی Instagram بەکار دەهێنێت.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ