فەیسبووک 14, كانونی یه‌كه‌م 2019

دزێک بیرگەیەک دەدزێت کە زانیاری زیاتر لە 29,000 کارمەندی کۆمپانیای فەیسبووکی تێدایە

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Bloomberg بێت، بیرگەیەکی دەرەکی لە لایەن دزێکەوە دزراوە کە زانیاری زیاتر لە 29,000 کارمەندی کۆمپانیای فەیسبووکی تێدا بوونی هەیە.

زانیارییەکانی ناو بیرگەکە بە کۆد نەکرابوون و لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا دزراوە. لە ناو بیرگەکەدا، زانیاری زیاتر لە 29,000 کارمەندی کۆمپانیای فەیسبووکی تێدایە کە لە ساڵی 2018 ـەدا فەرمانبەری کۆمپانیاکە بوون، زانیارییەکان بریتین لە ژمارەکانی هەژماری بانکی، ناو، کۆتا 4 ژمارەی ژمارە ئاسایشییەکانی هەژمارەکانیان، بڕی مووچە، بەخشیش و زانیارییە ڕێکارییەکانیان. خۆشحاڵانە، لە نێو بیرگەکەدا، هیچ زانیارییەکانی بەکارهێنەرانی تۆڕەکەی تێدا بوونی نییە.

لە ڕۆژی هەینیدا کۆمپانیاکە کارمەندەکانی خۆی ئاگادارکردۆتەوە لە ڕوودانی ڕووداوێکی لەم شێوەیە. بەڵام ڕووداوەکە لە ڕێکەوتی 17 ـی مانگی ڕابردوو ڕوویداوە، لە ڕێکەوتی 20 ـی مانگی ڕابردوودا ئیمەیڵێکی نێوخۆیی بە کۆمپانیاکەی ڕاگەیاند کە بیرگەکە ون بووە، لە پاشان و لە ڕێکەوتی 29 ـی مانگی ڕابردوو پشتڕاست کرایەوە کە بیرگەکە زانیاری هەزاران کارمەندی فەیسبووکی تێدایە.

تاوەکو ئێستا فەیسبووک لەگەڵ پۆلیسدا هاوکارە بۆ دۆزینەوەی دزەکە و گەڕاندنەوەی بیرگەکە.

ڕوودانی ئەمە، بە تەواوەتی پێکەنیناوییە، چونکە مانای تێدا نییە کە زانیاری وەها گرنگ لە نێو بیرگەکەی بە کۆد نەکراودا هەڵبگیرێن، هەروەها لە نێو ئۆتۆمبێلێکیشدا!

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ