مۆبایل و تابلێت 17, كانونی دووه‌م 2020

ڕێندەری دزەپێکراوی مۆبایلی Huawei P40 Pro بڵاوکرایەوە و دەری دەخات کە خاوەن 5 کامێرا دەبێت لە پشتەوە

لە ماوەی ڕابردوودا، ژمارەیەک ڕێندەری مۆبایلی Huawei P40 Pro بڵاو کرانەوە، بەڵام ناڕوون بوون و نەماندەزانی بە تەواوی دیزاینی مۆبایلەکە چۆن دەبێت. خۆشحاڵانە، ئێستا بە تەواوی دەزانین کە دیزاینی مۆبایلەکە چۆن دەبێت.

بەڕێز Evan Blass، دزەپێکەری بەناوبانگ، لە جریوەیەکی تویتەردا ڕێندەرە وێنەی تەواوی لایەکانی مۆبایلی Huawei P40 Pro ـی بڵاو کردۆتەوە. پڕوپاگەندەکانی پێشوو ئاشکرایان کرد کە مۆبایلەکە بە ماددەی سیرامیک درووست دەکرێت، ئەم ڕێندەرەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە پشتەوە و لایەکانی مۆبایلەکە بە ماددەی سیرامیک دادەپۆشرێن. هەروەک لە ڕێندەرەکەدا دیارە، مۆبایلەکە لە پشتەوە خاوەن 5 دانە کامێرا دەبێت و دانەیەکیان تایبەت بە نزیککردنەوە دەبێت، کە توانای نزیککردنەوەی 13 هێندەی دیکە بە مۆبایلەکە دەبەخشێت.

لە پێشەوەدا، دەردەکەوێت مۆبایلەکە خاوەن نۆچ نابێت لەسەر ڕوونما، بەڵکو لە جێی نۆچ، خاوەن چاڵێکی ژێر ڕوونما دەبێت کە 2 دانە کامێرای لەسەر جێگیر دەکرێت. دوگمەی وزە و کۆنتڕۆڵکردنی دەنگ لە لای ڕاست هێڵدراونەتەوە و لای سەرەوە و چەپی مۆبایلەکە بەتاڵە، هەروەها لە لای خوارەوە خاوەن دەرچەی USB-C و بڵندگۆیە و دەرچەی بیستۆک بوونی نییە.

چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلەکانی Huawei P40 و Huawei P40 Pro لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە مانگی 3 ـی ئەمساڵدا لە شاری پاریسی وڵاتی فەڕەنسادا نمایش بکرێن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ