هەواڵ 19, ئەیلوول 2025

هواوەی یەکەمین کاتژمێری زیرەکی لە جیهاندا نمایش کرد کە تاوەکو قوڵی 150 مەتر لە ژێر ئاودا بەرگە بگرێت

ئەمڕۆ هواوەی بەهێزترین کاتژمێری زیرەکی خۆی بە ناوی Huawei Watch Ultimate 2 نمایش کرد کە هەندێک گۆڕانکاری تێدا ئەنجام دراوە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی. ڕوونماکەی 1.5 ئینجە لە جۆری OLED و ڕووناکی کۆتایی دەگاتە 3,500 نێت و %18 چوارچێوەکەی تەنکترە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی.

ئەم نەوەیە یەکەمین کاتژمێری زیرەکی جیهانە کە بڕوانامەی 20ATM هەبێت بەو واتایەی بەرگەی قووڵی 150 مەتر دەگرێت لە نێو ئاودا. هەر ئەمە نا، ئەم کاتژمێرە یەکەم کاتژمێری زیرەکە کە پشتگیری لە پەیوەندی ژێر ئاو دەکات لەسەر بنەمای سۆنەر. ئەمەش ڕێگە بە کاتژمێرەکە دەدات کە پەیام بۆ کاتژمێرەکانی تر لە نیوەتیرەی 30 مەتردا بنێرێت. هەروەها پشتگیری لە دۆخی لە ناکاو دەکات لە ژێر ئاودا و لە نیوەتیرەی 60 مەتردا هەر ئامرێکی ئەلیکترۆنی ئاگادار دەکاتەوە.

پاتری کاتژمێرەکە بەرگەی 4.5 ڕۆژ دەگرێت بە بەکارهێنانی ئاسایی و بەرگەی 11 ڕۆژ دەگرێت ئەگەر لەسەر دۆخی پاراستنی وزە کاری پێ بکەیت. چەند هەستەوەرێکی نوێی تێدا جێگیر کراوە بۆ پێوانی تەندرووستی و لە نێویاندا ECG (تخطيط) هەیە.

هواوەی ئەم کاتژمێرە بە دوو ڕەنگ بەردەست دەکات. ڕەنگی ڕەش نرخی 899 یۆرۆ و ڕەنگی شین نرخی 999 یۆرۆیە.

سەرچاوە GSM Arena
تاگەکان Huawei هواوەی
بۆچونی تۆ