شاومی 18, كانونی دووه‌م 2020

ئێستا POCO براندێکی سەربەخۆیە و جیابوونەوەی خۆی لە شاومی ڕاگەیاند

ئەمڕۆ کۆمپانیای شاومی بە فەرمی ڕایگەیاند کە POCO بووە براندێکی فەرمی و لەمەودوا وەکو کۆمپانیایەک بەرهەمەکانی لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەست دەکات.

کۆمپانیای شاومی لە ساڵی 2018 ـەدا مۆبایلی POCO F1 ـی بە تایبەتمەندی زۆر بەرز و نرخێکی زۆر کەمەوە بەردەست کرد بۆ ڕکابەرێتی سامسۆنگ و هواوەی و ئەوانی دیکە، بە تەواوی دیار بوو کە شاومی زۆر بە کارامەیی کاری لەسەر درووستکردنی مۆبایلەکە کردبوو و بە نرخی تەنها 300$ و تایبەتمەندی زۆر بەرزەوە بەردەستی کرد. بەڵام، چیدیکە شاومی هاوکار نابێت لە درووستکردنی بەرهەمەکانی POCO ـدا و ئێستا POCO وەکو کۆمپانیایەکی سەربەخۆ وایە.

بەڕێز Manu Kumar Jain، بەڕێوەبەری لقی هیندستانی کۆمپانیای شاومی، لە جریوەیەکدا لە تویتەر پشتڕاستی کردەوە کە POCO ئێستا براندێکی سەربەخۆیە، هەروەها دووپاتیشی کردەوە کە مۆبایلی POCO F1 یەکێک بوو لە پڕخواستترین مۆبایلەکانی جیهان لە ڕابردوودا و بڕوایان وایە کە کاتی ئەوە هاتبوو تاوەکو POCO ڕابەرایەتی کارەکانی خۆی بکات. شاومی هیوای سەرکەوتن بۆ POCO دەخوازێت.

ڕوون نییە کە بۆچی شاومی بە تەنها یەک مۆبایلی بە ناوی POCO ـەوە لە ڕابردوودا بەردەست کردبوو و زیاتری بەردەست نەکردبوو، بەڵام پێشووتر قسەکەرێکی کۆمپانیای POCO ڕایگەیاندبوو کە دەیانەوێت لە داهاتوودا مۆبایل و بەرهەمی دیکەی جیاواز بەردەست بکەن.

بەڕێز Jai Mani، کارمەندی باڵای کۆمپانیای POCO، لە ماوەی ڕابردوودا لە کۆمپانیاکە وازی هێنا، هەروەها لە ئێستادا تەنها نزیکەی 300 کارمەند لە کۆمپانیاکەدا بوونیان هەن، نازاندرێت کە POCO بۆچی لەم کاتە خراپەدا داوای جیابوونەوەی لە شاومی کرد.

لە چەند ڕۆژێکی کەمی ڕابردوودا، دەرکەوت کە شاومی مۆبایلی POCO F2 ـی وەکو نیشانەیەکی بازرگانی تۆمارکرد، ئەم هەواڵە پێمان دەڵێت کە زۆر کەمی ماوە تاوەکو چاوەڕوانییەکان بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلی POCO F2 بە کۆتا بێن.

سەرچاوە Tech CrunchGSMArena
بۆچونی تۆ