تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 8, شوبات 2020

لەمەودوا ئینستەگرام ڕێگەت دەدات تاوەکو بزانیت لەگەڵ کام هەژمارانە پەیوەندیت زیاتر یان کەمترە

وەکو هەمیشە، ئینستەگرام لە زیادکردنی نوێترین و پێویستترین تایبەتمەندییەکان بەردەوامە. لە دواین چالاکی کۆمپانیاکەدا، تایبەتمەندییەکی نوێی زیادکرد کە لە ڕێگەیەوە پەیوەندیت لەگەڵ ئەو هەژمارانەدا نیشان دەدات کە شوێنیان کەوتوویت.

تایبەتمەندییە نوێیەکە هەژماری ئەو کەسانەی شوێنیان کەوتوویت بە پێی پۆلێنەکانی “زۆرترین نیشاندراوەکان لە پەڕەی سەرەکی” و “کەمترین پەیوەندییەکان لەگەڵی” بە شێوەی لیست نیشان دەدات. ئەمەش لە بەشی “Following” ـی پەڕەی هەژماری ئەپەکەدا بەدی دەکرێت.

لە زاری ئینستەگرامەوە بێت، مەبەست لە زیادکردنی ئەم تایبەتمەندییە، بۆ ئاسانکاری لە بەڕێوەبردنی لیستی ئەو کەسانەیە کە شوێنیان کەوتوویت.

ئەم تایبەتمەندییە بۆ کەمکردنەوە و ڕێکخستنەوەی لیستی ئەو هەژمارانە کە شوێنیان کەوتوویت و کەمکردنەوەی هێنانە خوارەوەی بڵاوکراوەکان لە پەڕەی سەرەکیدا بە سوودە. هەرچەندە ئینستەگرام پێشووتر ڕێکخستنی هەمان لیستی بە پێی کاتی ئەنجامدانی شوێنکەوتن زیاد کردبوو، بەڵام ئەم ڕێکخستنە نوێیە زۆر بە سوودترە.

لە ئێستادا ئەم تایبەتمەندییە بۆ بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەران زیادکراوە و زیادکردنەکە بەردەوام دەبێت بۆ هەمووان، ئەگەر تاوەکو ئێستا تایبەتمەندییەکەت بەدەست نەگەیشتووە، ئەپەکە نوێ بکەرەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ