ئەپڵ
9, شوبات 2020
دەنگۆ: نرخی iPhone 9 لە 399$ ـەوە دەستپێدەکات

پێشبینی دەکرێت مانگی داهاتوو ئەپڵ هەرزانترین ئایفۆن بە تایبەتمەندی بەرز و هەمان دیزاینی iPhone 8 ـی ساڵی 2017 ـەوە ڕابگەیەنێت. دەنگۆیەکی دیکە جەختی لەسەر نرخی ئایفۆنە نرخ هەرزانەکەی ئەپڵ کردەوە.
پێشبینیکەر Ming-Chi Kuo، لە ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە پێشبینی دەکات نرخی مۆبایلی iPhone 9 لە 399$ ـەوە دەست پێدەکات و لە مانگی داهاتوودا ڕابگەیەندرێت. ڕاپۆرتێکی نوێی پێگەی Fast Company، جەختی لە هەمان پێشبینی کردەوە و ڕایگەیاند کە نرخی دەستپێکی مۆبایلی iPhone 9، بە هەمان نرخی دەستپێکی iPhone SE لە ڕابردوودا دەبێت، ئەویش 399$ ـە.
مۆبایلی iPhone SE لە ساڵی 2016 ـەدا بە نرخی دەستپێکی 399$ بۆ بیرگەی 16 گێگابایت بوو. ئەپڵ دەیەوێت درێژە بە هەمان ستراتیژی بدات، بەڵام لە جێگەی بیرگەی 16 گێگابایت، پێشبینی دەکرێت iPhone 9 ـە نوێیەکە خاوەن بیرگەی 64 گێگابایت و فراوانتر دەبێت.
پێشبینی دەکرێت iPhone 9 خاوەن ڕوونمایەک ببێت بە قەبارەی 4.7 ئینج، کە زۆر لە iPhone SE گەورەتر دەبێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت خاوەن پڕۆسێسەری A13 و هەستەوەری پەنجەمۆری Touch ID و هەمان لاشە و دیزاینی iPhone 8 ببێت.
لە ڕابردوودا، ئەپڵ iPhone 8 ـی بە نرخی دەستپێکی 499$ دەفرۆشت، بەڵام iPhone 9 خاوەن تایبەتمەندی زیاتر و نرخێکی زۆر کەمتر لە iPhone 8 دەبێت.
دەگوترا کە ڕەنگە ڤایرۆسی کۆرۆنا کار لە بەرهەمهێنانی iPhone 9 بکات، ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات، ئەوا پێشبینی دەکرێت لە ساتەوەختێکی مانگی داهاتوودا، ئەپڵ ئایفۆنە نرخ هەرزانەکە نمایش بکات.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.