ئەپڵ 29, كانونی دووه‌م 2020

پێدەچێت ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتە هۆکاری دواخستنی بەرهەمهێنانی iPhone 9

کۆمپانیای ئەپڵ بۆ ماوەیەکی زۆرە پلانی هەیە مۆبایلی نرخ هەرزانی iPhone SE 2 یاخود iPhone 9 ڕابگەیەنێت و مانگی داهاتوو دەست بە بەرهەمهێنانی بکات، بەڵام ڕەنگە ئەو ڤایرۆسە کوشندەیەی کە لە چین بڵاو بووەتەوە، ببێتە هۆکاری دواخستنی بەرهەمهێنانی ئایفۆنە نرخ هەرزانەکەی ئەپڵ.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Bloomberg بێت، ئەگەر زۆرە ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتە هۆکاری دواخستنی بەرهەمهێنانی مۆبایلی iPhone 9، کە بڕیارە مانگی داهاتوو دەست بە بەرهەمهێنانی بکرێت. هەریەکە لە کارگەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی Foxconn لە شەنگەهای و Pegatron لە نزیک شەنگەهای، نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە شاری Wuhan ـەوە دوورن، ئەو شارەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاو بووەوە. هەرچەندە مەوداکە زۆرە، بەڵام پێگەکە دەڵێت ئەو مەودایە نابێتە هۆی نەبوونی کاریگەری لەسەر وەستاندنی کارکردن لەو کارگە بەرهەمهێنەرانەدا کە کار لەسەر بەرهەمهێنانی ئایفۆنەکان دەکەن.

بە شێوەیەکی گشتی، کۆمپانیای ئەپڵ ئایفۆنە نوێیەکان لە مانگی 9 ـدا ڕادەگەیەنێت، هەر بۆیە ڕەنگە ئەمە بۆی نەبێتە کێشە. بەڵام دەگوترێت کە ئەپڵ وای داناوە تاوەکو لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، iPhone 9 ـی نرخ هەرزان (یاخود هەر ناوێکی دیکە) ڕابگەیەنێت، نەوەک لە مانگی 9 ـدا.

بە پێی پێگەی Nikkei Asian Review بێت، ئەپڵ داوای بەرهەمهێنانی نزیکەی 65 ئایفۆنی کۆن و 15 ملیۆن دانە لە iPhone 9 ـی لە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرە چینییەکان کردووە. وا بڕیارە بەرهەمهێنانی iPhone 9 لە هەفتەی سێیەمی مانگی داهاتوودا دەستپێبکات.

هەروەها پێگەی Bloomberg ڕایگەیاندووە کە هەردوو کۆمپانیا بەرهەمێنەرە ناوبراوەکەی ئەپڵ هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کاریگەرییەکانی هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەسەر نەبێت.

نزیکەی هەفتەیەک دەبێت کە تیم کوک، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەپڵ، لە جریوەیەکەیدا ڕایگەیاند کە ئەپڵ هاوکاری دارایی گرووپە یارمەتیدەرەکانی وڵاتی چین دەکات بۆ نەهێشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ڤایرۆسێکی نوێ لە خێزانی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا لە شاری Wuhan ـی وڵاتی چین بڵاو بووەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 کەسی لە ناوخۆی چین کوشتووە و بە هەزاران کەسیش توشبوون، هەروەها زیاتر لە 4,000 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە سەرانسەری جیهاندا تۆمار کراون.

سەرچاوە Mac Rumors
بۆچونی تۆ