هەواڵ 12, شوبات 2020

گەورەترین پێشانگای مۆبایلی جیهان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمساڵدا ئەنجام نادرێت

گەورەترین پێشانگای مۆبایلی جیهان، کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (Mobile World Congress)، لە ئەمساڵدا ئەنجام نادرێت بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

لە دوای کشانەوەی کۆمپانیاکانی Amazon و Sony و Nokia و Vivo و Intel و LG و زۆرێکی دیکە لە بەژداریکردن لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایلی ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، دامەزراوەی GSMA ـی ڕێکخەری کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (Mobile World Congress)، بە فەرمی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەی لە ئەمساڵدا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕەت کردەوە و تاوەکو ساڵی داهاتوو کۆنگرەکە بەڕێوە ناچێت. واتا چیدیکە MWC 2020 بوونی نییە.

بەڕێز John Hoffman، بەڕێوەبەری دامەزراوەی GSMA، ڕایگەیاند کە ڤایرۆسی کۆرۆنا وایکرد بەڕێوەچوونی کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (Mobile World Congress) لە ئەمساڵدا ببێتە شتێکی مەحاڵ.

وا بڕیاربوو کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (Mobile World Congress) لە ڕێکەوتی 24 ـی ئەم مانگەدا بەڕێوە بچووبایە و تاوەکو ڕێکەوتی 27 ـی هەمان مانگ بەردەوامی هەبووایە.

دامەزراوەی GSMA ساڵانە زیاتر لە 1,200 کۆمپانیا لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایلدا کۆ دەکاتەوە بۆ نمایشکردنی نوێترین مۆبایلەکانیان. لە کۆنگرەکەدا هەزاران مامەڵە بەڕێوە دەچێت و ساڵانە داهاتی 492 ملیۆن یۆرۆ پەیدا دەکات، هەروەها 14,100 هەلی کاری کاتی درووست دەکات. بە گشتی ساڵانە لە شاری بەرشەلۆنەی وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوە دەچێت.

کۆمپانیا چینییەکان خۆیان ئامادەکردبوو تاوەکو نوێترین مۆبایلەکانیان لە کۆنگرەکەدا نمایش بکەن، یەکێک لەوانە شاومی بوو، کە وای دانابوو مۆبایلی Xiaomi Mi 10 لە کۆنگرەکەدا نمایش بکات. بەڵام کشانەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکان لە بەژداریکردنیان لە کۆنگرەکەدا و دوا جار بەڕێوەنەچوونی کۆنگرەکە لە ئەمساڵدا، وای کرد پلانی زۆرێک لە کۆمپانیاکان تێکبچێت.

کۆمپانیاکان ناچار دەبن بەرهەمەکانیان بە شێوەی سەرهێڵی یاخود لە ڕێگەی بەڕێوەچوونی بۆنەی تایبەت بە خۆیانەوە نمایش بکەن.

زیاتر لە مانگێکە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەند ناوچەیەکی وڵاتی چین بڵاو بووەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1,000 کەسی کوشتووە و هەزاران کەسیش تووشبوون لە ناوخۆی وڵاتەکەدا، هەروەها زیاتر لە 40,000 حاڵەتی تووشبوون لە سەرانسەری جیهاندا تۆمار کراوە و لە 25 وڵاتدا حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە ڕاگەیاندراوە. سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لە شاری Wuhan ـی چینەوە بوو و بەردەوامە لە تەشەنەکردن لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا. لە هەرێمی کوردستانیش توشبوو بە ڤایرۆسەکە بوونی هەیە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ