10
شاومی 13, شوبات 2020

زنجیرە مۆبایلی Mi 10 نمایشکرا؛ سناپدراگۆن 865 و کامێرا 108 مێگاپێکسڵ و نرخی دەسپێکی 570 دۆلار

ئەمڕۆ، ڕێکەوتی 13-2-2020، کاتژمێر 9ی بەیانی بە کاتی هەولێر – کوردستان کۆمپانیای شاومی لە چین کۆنگرەی نمایشکردنی نوێترین مۆبایلی ئاست بەرزی خۆی بەشێوەی سەرهێڵی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گرێدا. لە کۆنگرەکەدا هەردوو مۆبایلی Mi 10 و Mi 10 Pro نمایشکران. هەردوو مۆبایلەکە بەپێی خشتەی کۆمپانیا لە بەرشەلۆنە لە ئیسپانیاش لە 23-2-2020 نمایشدەکرێن، بەڵام بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پێشانگای MWC2020 لە ئێستادا دڵنیانین کە ئەمە ڕوودەدات یان نا.

هەردوو مۆبایلەکە خاوەن تایبەتمەندی مۆبایلی ئاست بەرز و پێشکەوتوون، بە شێوەیەک هەردووکیان سناپدراگۆن 865 و ڕوونمای 90 هێرتزی و کامێرای 108 مێگاپێکسڵیان لەسەرە و پشتگیری لە خێرا بارگاویکردنەوە دەکەن. شایەنی باسە، هەردوو مۆبایلەکە پشتگیری لە ڕایەڵەی 5G دەکەن و خێراییەکی نایاب پێشکەش دەکەن.

دیزاینی Mi 10 و Mi 10 Pro

هەردوو مۆدێلەکە لە دیزایندا لە یەک دەچن. هەردووکیان ڕوونمای چەماوە بەلاکانیاندا هەیە لەگەڵ بوونی چاڵی ڕوونما لە لای چەپ بۆ کامێرای سێڵفی. هەروەک لە پشتەوەش خاوەنی شوشەیەکی چەماوەن. هەروەها لە بەشی خوارەوە و سەرەوەی بڵندگۆی ئاست بەرزی ستێریۆ بوونیان هەیە.

لە بەشی خوارەوەیان دەرچەی USB Type-C هەیە و دەرچەی Audio Jack 3.5mm بوونی نییە.

تایبەتمەندییەکانی Mi 10 و Mi 10 Pro

هەردوو مۆدێلەکە خاوەن ڕوونمایەکی 6.7 ئینجین لە جۆری FHD+ AMOLED بە پشتگیری لە +HDR10. دیارە شاومی بۆ ئەمجارە ڕوونمای 90 هێرتزی بەکارهێناوە بە بوونی 180hz touch sampling rate، بە پێچەوانەوەی 120 هێرتزی گالەکسی ئێس 20 و وەنپڵەس 8ی چاوەڕوان کراو.

هەروەک پێشتریش جەختی لێکرابۆیەوە، ئەم دوو مۆبایلە بە سناپدراگۆن 865 بەهێزکراون و تۆمارێکی نایابی لە هەڵسەنگێنەری ئانتوتو کردووە کە زیاتر لە 585 هەزار خاڵە.

هەریەک لە مۆبایلەکان خاوەن ڕامی 8 و 12 گێگابایتی جۆری LPDDR5 دەبن و بیرگەی ناوخۆیی جۆری UFS3.0 یان لەناو جێگیرکراوە.

کامێرای سەرەکی لەسەر ئەم زنجیرە مۆبایلە 108 مێگاپێکسڵە، بە جیاوازی لە کامێراکانی تریاندا و کامێرای سێڵفیەکەیان 20 مێگاپێکسڵە.

لە جگە لە 108 مێگاپێکسڵییەکە، لەسەر Mi 10 سێ کامێرای تر هەن بە 13 مێگاپێکسڵی گۆشەفراوان و 2 مێگاپێکسڵی ماکڕۆ و 2 مێگاپێکسڵی Depth Sensor بۆ گرتنی وێنەی پۆترەیت و بە سەرسوڕمانییەوە لەم جۆرەیان هیچ هەستەوەرێکی Telephoto بوونی نییە.

لە بەرامبەردا، Mi 10 Pro جگە لە 108 مێگاپێکسڵییەکە، خاوەنی سێ کامێرای ترە بە ڕوونی 20 مێگاپێکسڵی گۆشەفراوان، و 12 مێگاپێکسڵی Telephoto و دانەیەکی تری 8 مێگاپێکسڵی Long Telephoto. شایەنی باسە، کامێرای Mi 10 Pro لە لایەن تاقیگەکانی DXOmark هەڵسەنگێندراوە و تێکرای 124 خاڵی پێدراوە و بووەتە یەکەمی ڕیزبەندییەکە.

هەروەکو زنجیرە مۆبایلی Samsung Galaxy S20، زنجیرە مۆبایلی Mi 10 پشتگیری لە تۆمارکردنی ڤیدیۆی 4K و 8K دەکەن.

لە ڕووی توانستی پاترییەوە، Mi 10 خاوەن پاتریەکی 4780 ملی ئەمپێرە و بە بارگاویکەرەوەی 30 واتیەوە بەردەست دەبێت. هەروەک پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی مۆبایلی  و ئامێری تر دەکات، واتە پشتگیری Reverse Wireless Charging دەکات.

هەرچی Mi 10 Proـیە خاوەنی پاتریەکی 4500 ملی ئەمپێرە و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی بێ وایەری 30 واتی و 50 واتی بە وایەر دەکات، بەمەش لە ڕووی بارگاویکردنەوە لە Galaxy S20 Ultra  بەهێزترە کە 45 واتە.

لە ڕووی ڕایەڵەشەوە، زنجیرەی Mi 10 خاوەنی Wifi 6 و  Bluetooth 5.1 و Dual-mode 5G و NFC دەکات.

نرخ و بەردەستبوونی Mi 10 و Mi 10 Pro

مۆبایلەکان لە 14-2-2020 لە چین بەردەست دەبن بۆ فرۆشتن، و هەردوو مۆدێلەکە نرخەکانیان بە پێی ڕام و بیرگەیان بەم شێوەیە دەبێت:

  • Mi 10 ڕامی 8 و بیرگە 128 بە نرخی 570$
  • Mi 10 ڕامی 8 و 256 بە نرخی 615$
  • Mi 10 ڕامی 12 و 256 بە نرخی 670$
  • Mi 10 Pro ڕامی 8 و بیرگە 256 بە نرخی 715$
  • Mi 10 Pro ڕامی 12 و بیرگە 256 بە نرخی 785$
  • Mi 10 Pro ڕامی 12 و بیرگە 512 بە نرخی 860$

تێبینی: نرخەکان لەڕێگەی Currency Converter لە یوانی چینیەوە گۆردراون بۆ دۆلار و نرخەکان بە نزیکەیین.

هەر لە میانەی کۆنگرەکەدا چەند زیادکراوەیەک بۆ ئەم زنجیرەیە بەردەستکران، ئەوانیش بریتی بوون لە دەسکی یاریکردن بە نرخی 43 دۆلار و ساردکەرەوەیەک بە نرخی 19 دۆلار. هەروەها بارگاویکەرەوەی 65 واتی و زنجیرەیەک لە کەڤەری جوان بۆ مۆبایلەکە و زیاتریش نمایشکران.

تاگەکان Mi10 Mi10Pro Snapdragon865 Xiaomi
بۆچونی تۆ