هەواڵ 3, ئازار 2020

کۆمپانیای Foxconn کارکردن لە کارگەکانیدا لە چین ئاسایی دەکاتەوە

لە پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیای Foxconn بە هۆی جەژنی سەری ساڵی چینی و کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کارمەندەکانی ناردەوە ماڵەوە و کارکردنی لە کارگەکانی خۆیدا لە وڵاتی چین ڕاگرت، کۆمپانیاکە کارکردن لە کارگەکانی خۆی لە چیندا ئاسایی دەکاتەوە.

بە پێی پێگەی Reuters بێت، کۆمپانیای Foxconn ڕایگەیاندووە کە نیوە زیاتری کارمەندەکانی گەڕاندووەتەوە بۆ کارگەکان بە مەبەستی کارکردن و وا بڕیارە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا کارکردن لەو کارگانە دەست پێ بکاتەوە کە لە چین بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دایخستبوون.

کۆمپانیای Foxconn درووستکەر و دابینکەری سەرەکی بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ و بە تایبەتی مۆبایلەکانی ئایفۆنە. وەستاندنی کارکردن لە کارگەکانی کۆمپانیای Foxconn بە هۆی فرمانی حکومەتی چینەوە بوو و دەبووایە سەرجەم کارمەندەکانی کارگەکە کەرەنتینە کرابوونایە لە دوای تەواوبوونی سەری ساڵی چینییەوە بەر لەوەی بگەڕێنەوە بۆ کارکردن.

ئەمە هەواڵێکی خۆشە بۆ کۆمپانیای ئەپڵ بە تایبەتی و سەرجەم کڕیارەکانی دیکەی کۆمپانیاکە، لەبەر ئەوەی کارگەی iPhone City ـی کۆمپانیای Foxconn لە شاری Zhengzhou ـی وڵاتی چین تایبەت بە درووستکردنی ئایفۆنەکان، پێویستی بە هەزاران کارمەند هەیە تاوەکو کارکردن تێیدا ئاسایی ببێتەوە. بەڵام هێشتا شتەکان لەبار نین بۆ ئەپڵ، چونکە تاوەکو ئێستا زۆرینەی بەرهەمهێنەرەکانی دیکەی لە چین کارکردنیان وەستاندووە.

ڤایرۆسی COVID-19 ـی ناسراو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەردەوامە لە تەشەنەکردن بە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3,100 ـی کوشتووە و ژمارەی توشبووانیش 92,000 ـی تێپەڕکردووە لە سەرانسەری جیهاندا. سەرەتای سەرهەڵدانی لە وڵاتی چینەوە بوو و زۆرترین توشبووانیش تاوەکو ئێستا هەر لەو وڵاتەن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ