ئەپڵ 15, شوبات 2020

دەنگۆ: ئەپڵ مۆدیەمی 5G ـی تایبەت بە خۆی بۆ ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ بەکاردەهێنێت

ئەو بەشەی کە زۆرترین مشتومڕەکانی دەربارەی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ لەسەرە، ڕایەڵەکەیەتی، کە زۆرێک پێشبینی دەکەن سەرجەم ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بکەن. دووبارە دەنگۆکان سەبارەت بەم بابەتە دەستیان پێکردەوە، بەڵام ئەمجارە جیاواز لەوانەی پێشووترە.

پێشبینی دەکرا ئەپڵ مۆدیەمی X55 ـی کۆمپانیای Qualcomm بۆ ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ بەکاربهێنیت، بەڵام پێگەی Fast Company لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەپڵ سەرقاڵی دیزاینکردن و درووستکردنی مۆدیەمێکی تایبەت بە خۆیەتی، کە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکات و لەسەر ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵی جێگیر دەکات.

مۆدیەمەکەی ئەپڵ، بە تەواوی خۆماڵی دەبێت و لە لایەن خۆیەوە درووست دەکرێت. بە بەکارهێنانی ئەم مۆدیەمە تایبەتەی خۆی، پشت بە کۆمپانیای Qualcomm نابەستێت بۆ جێگیرکردنی مۆدیەمی 5G لەسەر ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ.

هۆکاری ئەم کارەی ئەپڵ، بە هۆی قەبارە گەورە و ئەستوورییەکەی مۆدیەمی QTM525 ـی Qualcomm دەگەڕێتەوە. هەرچەندە قەبارەی مۆدیەمەکەی Qualcomm ئەستوور و گەورەیە، بەڵام خاوەن بەرزترین وەشانی خێرای ئاریەلی mmWave ـی 5G ـییە.

درووستکردنی مۆدیەمێکی خۆماڵی لە لایەن ئەپڵەوە، پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر لە ئاریەلی mmWave هەیە تاوەکو خێرایی 5G ـی بگەیەنێتە بەرزترین ئاست و باشترین ئەنجامی پەیوەندی بەدەست بهێنێت. ئێستا ئەپڵ لە هەڵبژاردنی دوو بژاردە ماوەتەوە، یان QTM525 ـی Qualcomm بەکاربهێنێت و قەبارەی ئایفۆنە نوێیەکان ئەستوور بکات، یاخود مۆدیەمە خۆماڵییەکەی خۆی بەکاربهێنێت تاوەکو بتوانێت وا لە ئایفۆنە نوێیەکان بکات پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بکەن.

بە درووستکردنی مۆدیەمێکی لەو جۆرە لە لایەن ئەپڵەوە، هەل بۆ کۆمپانیاکە دەڕەخسێنێت تاوەکو لە داهاتوودا لەسەر ئامێرە جۆراوجۆرەکانی دیکەی خۆی جێگیر بکات و پشت بە کۆمپانیا دەرەکی و چینییەکان نەبەستێت بۆ ئەو بوارە.

ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێگری لە بەرهەمهێنانی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ نەکات، ئەوا پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئەیلول (9) ـی ئەمساڵدا نمایش بکرێن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ