ئەندرۆید 19, شوبات 2020

گووگڵ یەکەمین وەشانی Android 11 ـی بە تەنها و تایبەت بە گەشەپێدەرانی بەردەستکرد

وا دیارە گووگڵ زۆر بە پەرۆش بووە بۆ بەردەستکردنی یەکەمین وەشانی نوێی Android 11 تایبەت بە گەشەپێدەران، چونکە هەمیشە کۆمپانیاکە وەشانە نوێیەکانی Android ـی تایبەت بە گەشەپێدەرانی لە مانگی 3 ـدا بەردەست کردبوو، ئەمساڵ لە هەموو ساڵێک زووتر بەردەستکرا.

لە پەڕەی فەرمی گەشەپێدەرانی خۆی، گووگڵ ڕایگەیاند کە یەکەمین وەشانی Android 11 ـی بە تەنها و تایبەت بە گەشەپێدەرانی بۆ مۆبایلەکانی Google Pixel بەردەستکرد. لە وەشانە نوێیەکەدا، هیچ گۆڕانکارییەکی دیار لە ڕووکاردا نەکراوە، بەڵکو زیاتر وەکو وەشانێکی لاوەکی و تایبەت بە کۆنگرەی Google I/O ـی مانگی 5 دەردەکەوێت. هەر لەبەر ئەوەی کە زۆر تایبەتە بە گەشەپێدەران، پێویست دەکات لە ڕێگەی کۆمپیوتەر و خۆکارانە وەشانە نوێیەکە بۆ مۆبایلەکانی Google Pixel دابمەزرێنیت.

بۆ یەکەمجار، وەشانە نوێیەکەی Android لەگەڵ ڕاگەیاندنیدا بە ژمارە ناوی هاتووە و بە پیت و ناوی شیرینییەکان نەبووە، ئەویش Android 11 ـە، بەڵام لە کۆدەکانی ناویدا بە Android R ناوی هاتووە. وەشانە نوێیەکە باشتر لەگەڵ ڕایەڵەی نەوەی پێنجەم 5G کاردەکات، هەروەها کارپێکردنی ڤیدیۆکانی Stadia و هاوشێوەکانی و HEIF باشتر کراون.

لە Android 11، گووگڵ بەشێکی نوێی تایبەت بە گفتوگۆکانی لە بەشی ئاگادارکەرەوەکان زیاد کردووە، کە وەکو بەشی ئاگادارکەرەوەکانی iMessage ـی iOS وایە و دەتوانیت زیاتر لە گفتوگۆیەک ببینیت. هەروەها گووگڵ دووبارە کاردانەوەی بڵقەکانی گفتوگۆکردنی بۆ ئەپە نامەبەرەکەی زیاد کردۆتەوە، کە لە وەشانی Android 10 لابرا، وا دیارە ئەمساڵ ئەو تایبەتمەندییە بەکاردەهێندرێت.

هەروەها بژاردەیەکی نوێی پێدانی مۆڵەتی بەکارهێنانی شوێن بۆ ئەپەکان زیادکراوە، ئەویش پێدانی مۆڵەتی تەنها 1 جارە بە ئەپەکان. ئەمەش مانای وایە دووبارە ئاگادارکەرەوەی پێدانی شوێنەکان لە کاتی داواکاری ئەپەکان لە Android 11 بەدیار دەکەونەوە.

گەشەپێدەران دەتوانن لە ڕێگەی بژاردەکان لە ئەپی ڕێکخستنەکان تایبەتمەندییە نوێیەکان چالاک و ناچالاک بکەن.

بێگومان ئەم وەشانە زۆر زۆر نوێیە، تەنانەت گووگڵ بە تاقیکاریش ناوی نابات، هەرچەندە کە تایبەتە بە گەشەپێدەران. لە داهاتوودا گۆڕانکاری زۆر دیاری تێدا ڕوو دەدات، بەڵام بۆ ئێستا هەموو گۆڕانکارییەکان ئەوەندەن.

ئەم وەشانەی Android 11 ـی تایبەت بە گەشەپێدەران تەنها پشتگیری لە مۆبایلەکانی Pixel 2 و 3 و 3A و 4 دەکات. چیدیکە وەشانی Android 11 و وەشانە نوێیەکانی Android پشتگیری لە نەوەی یەکەمی Pixel ناکەن.

لە ئێستادا یەکەمین وەشانی Android 11 ـی تایبەت بە گەشەپێدەران لە ماڵپەڕی فەرمی گەشەپێدەرانی گووگڵ بەردەستە بۆ داگرتن، دامەزراندن بە شێوەی خۆکارانە و لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە دەبێت و پێشنیاز نەکراوە تاوەکو کەسانی ئاسایی تاقی بکەنەوە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ