ئەپڵ 25, شوبات 2020

دەنگۆ: ئەپڵ بیستۆکێکی سەر گوێیی بێوایەر بە نرخی 399$ بەردەست دەکات

بە پێی دزەپێکراوێک بێت، ئەپڵ لە ئەمساڵدا بیستۆکێکی سەر گوێیی بێوایەری نوێ بە نرخی 399$ بەردەست دەکات.

ماڵپەڕی Target لیستی ئامێرێکی نوێ و بڵاونەکراوەی بە ناوی “(Apple AirPods (X Generation” ـەوە بڵاوکردۆتەوە، نرخی ئامێرەکە 399$ دەبێت. بۆ یەکەمجار لیستەکە لە لایەن یوتیوبەر Jon Prosser ـەوە بڵاوکرایەوە. تاوەکو بە تەواوی ئێستا نازاندرێت بەرهەمەکە چی دەبێت، بەڵام بە پێی ناوەکە و گوتەی یوتیوبەری ناوبراو بێت، ئامێرەکە بیستۆکی سەر گوێیی بێوایەر دەبێت.

بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر، ئەپڵ کاری لەسەر بەرهەمهێنانی بیستۆکی سەر گوێیی بێوایەر کردبوو. لە سەرەتاکانی ساڵی 2018 ـەدا، پێشبینیکەر Ming-Chi Kuo، بە پێگەی Bloomberg ـی ڕاگەیاندبوو کە بیستۆکەکە لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵدا بەردەست دەکرێت، بەڵام دواتر Bloomberg لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند کە ئەپڵ بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمەی دواخست. ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا، پێشبینیکەر Ming-Chi Kuo گوتبووی کە لە ساڵی 2020 ـدا ئەپڵ بیستۆکی سەر گوێیی بێوایەر بەردەست دەکات.

بە پێی پێگەی AppleInsider بێت، بڵاوکردنەوەی بەرهەمە بەردەست نەکراو و نمایش نەکراوەکان لە ماڵپەڕی Target، شتێکی باون و زۆر جار لە دوای مانگێک لە بڵاوبوونەوەیان لە ماڵپەڕەکە، بەردەست دەکرێن.

بە پێی ماڵپەڕی Target بێت، نرخی بیستۆکە سەر گوێییە بێوایەرەکەی ئەپڵ، 399$ دەبێت. نرخەکە لە چاو نرخی بیستۆکی بێوایەری ئاسایی AirPods ـەوە زۆرە، بەڵام بە بەراورد بە بیستۆکە سەر گوێییە بێوایەرەکانی Bose Noise Cancelling Headphones 700 و Sennheiser Momentum Wireless ـەوە، هەمان نرخە و هیچ زۆر نییە.

لە ڕاستیدا، بیستۆکی سەر گوێیی بێوایەر بۆ ئەپڵ بەرهەمێکی نوێ نییە، لەو کاتەوەی کە کۆمپانیای Beats ـی کڕیوەتەوە، ژمارەیەک بیستۆکی لەو جۆرەی بەردەست کردبوو، بۆ نموونە بیستۆکی سەر گوێیی بێوایەری Beats Studio 3 کە نرخی 350$ ـە. بەڵام درووستکردنی بیستۆکێکی سەر گوێیی بێوایەر بە لۆگۆی ئەپڵەوە، تەواو شتێکی نوێیە بۆ کۆمپانیاکە.

ئەمە تاکە بەرهەمی نوێی ئەپڵ نابێت لە ئەمساڵدا کە نمایش بکرێت، بەڵکو پێشتر دەنگۆکان گوتبوویان لە ئەمساڵدا ئەپڵ ئامێری شوێن پێ هەڵگرتنی Apple Tags و بارگاویکەرەوەی بێوایەر و iPhone 9 و ژمارەیەک ئامێری دیکە نمایش دەکات.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ