ئەپڵ 9, ئازار 2020

ئاساییە ئایفۆنەکەت بە ماددە پاککەرەوەکان خاوێن بکەیتەوە؟ ئەپڵ وەڵامی ئەمە دەداتەوە

بێگومان، مۆبایل یەکێکە لەو کەلوپەلانەی کە ڕۆژانە بۆ زۆرترین جار بەکاردەهێندرێت و بەمەش ژمارەیەکی زۆر ڤایرۆس و پیسی لە خۆی کۆ دەکاتەوە. بارودۆخی تەندرووستی جیهانی لە ئێستادا زۆر خراپە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و پێویست دەکات خۆمان و ئەو کەلوپەلانەی کە ڕۆژانە بەکاریان دەهێنین، خاوێنیان بکەینەوە، بەڵام دەستیشمان تێناچێت مۆبایل یاخود ئایفۆنەکانمان بە ماددە پاککەرەوەکان خاوێن بکەینەوە. ئەپڵ سەبارەت بە خاوێنکردنەوەی ئایفۆن و بەرهەمەکانی دیکەی بە ماددە پاککەرەوەکان قسەی هەیە.

ئەمڕۆ کۆمپانیای ئەپڵ پەڕەی بەڵگەنامەیی ڕێبەری پاککردنەوەی ئامێرەکانی خۆیی بە زانیاری نوێوە نوێ کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە زۆر ئاساییە ئەگەر ڕێژەی 70% ـی ماددەی پاککەرەوەی ئایزۆپرۆلیل یاخود هەر پاککەرەوەیەکی دیکەی لابەری ڤایرۆس بۆ ئامێرە ئەپڵەکانت بەکاربهێنیت.

بەر لە ئەمڕۆ، ئەپڵ دژی بەکارهێنانی سەرجەم ماددە پاککەرەوە کیمیاییەکان بوو بۆ ئامێرەکانی، وە هەروەها هێشتا کۆمپانیاکە دژی بەکارهێنانی هەریەکە لە ماددەکانی سپرای هەوا و ئەمۆنیا و پاککەرەوەی شووشە و پیرۆکسید و سیپکەرەوە و هەوای پەستێندراو و لێککەرەوەکانە.

ئەمە دەقی زانیارییەکەی ئەپڵە:

بەکارهێنانی ڕێژەی 70% لە ماددەی پاککەرەوەی ئایزۆپرۆلیل یاخود هەر پاککەرەوەیەکی دیکەی لابەری ڤایرۆس ئاساییە بۆ ئامێرە ئەپڵەکەت بە بەکارهێنانی پەڕۆیەکی نەرم بۆ لابردنی پیسییەکانی سەر ڕوونما، تەختەکلیل یاخود هەر بەشێکی دیکەی ڕووپۆش. ماددەی سپیکەرەوە بەکارمەهێنە و دووربکەوە لە تەڕکردنی دەرچە/کونەکان و نقومکردنی شلەکە بەسەر ئامێرەکەدا. پەڕۆی فابریک یاخود چەرم بەکارمەهێنە.

هەروەها ئەپڵ دژی ڕژاندنی ماددە پاککەرەوەکانە و دەڵێت نابێت بۆ دەرچە یاخود کونەکانی ئامێرەکە بەکاربهێندرێن.

ڕاگەیاندنی ئەمە لە لایەن ئەپڵەوە لە میانەی ڕێنمایی کردنی هاوڵاتیانە بۆ خۆپارێزی بەرانبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆر گرنگە ئەگەر ڕۆژانە چەند جارێک مۆبایلەکەت خاوێن بکەیتەوە.

ڕوون نییە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا توانای هەیە تاوەکو ماوەی چەند لەسەر ڕووکارەکان بمێنێتەوە، بەڵام توێژینەوەیەک دەڵێت ڤایرۆسەکە توانای هەیە بۆ ماوەی 2 کاتژمێر تاوەکو 9 ڕۆژ لەسەر پلاستیک و شووشەکان بمێنێتەوە.

تێبینی: دواجار بەکارهێنانی ماددە پاککەرەوەکان بۆ ئامێرەکەت دەکەوێتەوە سەر خۆت. بەڵام تکایە ڕێنماییەکانی ئەپڵ بە درووستی ئەنجام بدە ئەگەر ماددە پاککەرەوە ناوبراوەکان بۆ ئامێرەکەت بەکاردەهێنیت، گەر نا بەرپرسیار نین لە تێکچوونی ئامێرەکەت.

سەرچاوە MacRumors
بۆچونی تۆ