گووگڵ 30, ئازار 2020

گووگڵ بۆ ئەمساڵ هیچ گاڵتەیەک لە ڕۆژی درۆی نیساندا ئەنجام نادات

ڕۆژی درۆی نیسان یەکێکە لە ڕۆژە هەرە بێزارکەرەکان و ناشرینترین نەریتە کە مرۆڤایەتی بە خۆیەوە بینیبێتی. وەکو زۆرینەی کۆمپانیاکان، گووگڵیش ساڵانە ئەم نەریتە لە ژمارەیەک ڕێگەی جیاوازەوە ئەنجام دەدات و کەسانێکی زۆر هەڵدەخەڵەتێنێت و ناوبانگی لە ئەنجامدانی ئەمەدا هەیە. بەڵام بۆ ئەمساڵ گووگڵ هیچ چالاکییەک لەو ڕۆژەدا ئەنجام نادات و لە جێگەی ئەوە، سەرنج دەخاتە سەر یارمەتیدانی ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بە پێی ئیمەیڵێکی ناوخۆیی گووگڵ بێت کە کەوتۆتە دەستی پێگەی Business Insider، کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەمساڵ دووردەکەونەوە لە ئەنجامدانی ئەو نەریتە، وەکو ڕێزێک بۆ هەموو ئەوانەی کە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەجەنگن، داواشی لە کارمەندەکانی کردووە تاوەکو لەم کاتەدا سوودبەخش بن و گاڵتە و گەپەکانی درۆی نیسان بۆ ساڵی داهاتوو هەڵبگرن.

ئەمە ژیرانەترین بڕیاری گووگڵە، چونکە ناکرێت لە لایەکەوە لە تۆڕەکانی وەک گەڕانی گووگڵ یوتیوب و ئەوانی دیکە بەکارهێنەران لە زانیارییە نادرووستەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاگادار بکاتەوە و لە لایەکی دیکەوە بەکارهێنەران بە گاڵتە و گەپەکان هەڵبخەڵەتێنێت.

بە هیوای ئەوەی کۆمپانیاکانی دیکە و بگرە هاوڵاتیانیش ئەم هەنگاوەی گووگڵ بە هەند وەربگرن و چاوی لێ بکەن، کاتی زۆر باشتر هەیە کە گاڵتەکانی خۆتی تێدا ئەنجام بدەیت نەوەک لەو ڕۆژەدا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ