ئەپڵ
2, تەممووز 2023
نۆکیا و ئەپڵ ڕێکەوتنی درێژخایەنی مۆڵەتی داهێنان نامە واژوو دەکەن کە 5G و تەکنەلۆژیاکانی دیکە دەگرێتەوە

کۆمپانیای نۆکیا ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنێکی نوێی درێژخایەنی مۆڵەتی داهێنان نامەی لەگەڵ ئەپڵ واژوو کردووە بۆ درێژکردنەوەی ڕێکەوتنی مۆڵەتی ئێستا کە لە مانگی ئایاری ساڵی 2017 واژوو کراوە و بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی پێبێت.
ڕێکەوتنە نوێیەکە، مۆڵەتی داهێنان نامەی کۆمپانیای نۆکیا لە بواری 5G و تەکنەلۆژیاکانی تردا دەگرێتەوە. مەرجەکانی ئەم ڕێککەوتنە لە نێوان هەردوو کۆمپانیاکەدا بە نهێنی ماوەتەوە.
سەرۆکی کۆمپانیای نۆکیا Jenni Lukander لە لێدوانێکدا لەسەر ئەم ڕێککەوتنە وتی “ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە ڕێکەوتنێکی درێژخایەنی مۆڵەتی داهێنان نامەمان لەگەڵ ئەپڵ ئەنجامداوە لەسەر بنەمایەکی بێ کێشە. ڕێککەوتنەکە ڕەنگدانەوەی بەهێزی داهێنان نامەکانی نۆکیا و وەبەرهێنانی دەیان ساڵە لە توێژینەوە و پەرەپێدان و بەشداریکردن لە ستانداردە بنچینەییەکان و تەکنەلۆژیاکانی دیکە.”
داهێنان نامەکانی نۆکیا لەسەر بڕی زیاتر لە 140 ملیار یۆرۆ بنیات نراوە کە لە ساڵی 2000ـەوە وەبەرهێنانی لە توێژینەوە و پەرەپێدان کردووە و نزیکەی لە 20 هەزار داهێنان نامە پێکهاتووە، لەنێویاندا زیاتر لە 5500 دانەیان تایبەت بووە بە تەکنەلۆژیای 5G.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.