ئای ئۆ ئێس 1, نیسان 2020

کۆدەکانی وەشانی تاقیکاری iOS 13.4.5 جەخت لە بەردەستکردنی iPhone 9 دەکەنەوە

دوێنێ کۆمپانیای ئەپڵ یەکەمین وەشانی تاقیکاری iOS 13.4.5 ـی بۆ گەشەپێدەران بەردەستکرد (بەڵێ، iOS 13.4.5!)، پێگەی 9to5Mac ژمارەیەک کۆدی یاریدەدەریان لە وەشانە تاقیکارییەکەدا دۆزییەوە کە هەندێک بەرهەم و تایبەتمەندی نوێی ئەپڵ ئاشکرا دەکەن.

پێگەکە دەڵێت لە وەشانەکەدا کۆدێک هەیە کە ئاماژە بە بەردەستکردنی ئایفۆنێکی نوێ دەکات بە هەبوونی هەستەوەری ناسێنەرەوەی پەنجەمۆری Touch ID، گومانی تێدا نییە کە ئەم ئایفۆنە iPhone 9 ـە و بۆ چەند جارێک دەنگۆکان ئەمەیان دووبارە کردبووەوە. دەنگۆکان دەڵێن لە کۆتاییەکانی ئەم هەفتەیە یاخود لە سەرەتاکانی هەفتەی ڕابردوو ئەپڵ iPhone 9 و iPhone 9 Plus ڕادەگەیەنێت.

وەشانەکە بۆ جارێکی دیکە جەخت لەسەر زیادکردنی تایبەتمەندی CarKey دەکات، کە ئایفۆن وەکو کارت بەکاردەهێنێت بۆ کردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە پشتگیری لە سەکۆی CarPlay دەکەن. ئەم تایبەتمەندییە تەنها لەو ئایفۆنانە بەردەست دەبێت کە خاوەن هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاو Face ID ـن، بەڵام iPhone 9 ـیش توانای پشتگیریکردنی لەو تایبەتمەندییە دەبێت.

هەروەها لە وەشانەکەدا دەتوانرێت بەرگی میوزیکەکانی ناو ئەپی Apple Music لە ستۆرییەکانی Instagram ـدا هاوبەشی پێ بکرێن.

پێناچێت وەشانی iOS 13.4.5 تاوەکو چەند هەفتەیەکی داهاتوو بەردەست بکرێت.

دەنگۆکان پێشتر ئاشکرایان کرد کە iPhone 9 خاوەن هەمان دیزاینی iPhone 8 دەبێت و خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 4.7 ئینج بە هەبوونی هەستەوەری ناسێنەرەوەی پەنجەمۆری Touch ID و پڕۆسێسەری A13 Bionic، وە iPhone 9 Plus خاوەن هەمان تایبەتمەندییەکان دەبێت، بەڵام قەبارە گەورەتر دەبێت و 5.5 ئینج دەبێت.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ