سامسۆنگ
8, نیسان 2020
سامسۆنگ مۆبایلەکانی Galaxy A01 و A11 و A21 و A51 5G و A71 5G ـی ڕاگەیاندن

کۆمپانیای سامسۆنگ لێشاوی نوێکردنەوەی زنجیرە مۆبایلەکانی A ـی دەستپێکرد و ئەمڕۆ ژمارەیەک مۆبایلی زنجیرەکەی نوێ کردەوە، کە تێیدا هەندێکیان پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن بە نرخێکی کەمەوە.
مۆبایلەکان بریتین لە Galaxy A01 و A11 و A21 و A51 و A51 5G و A71 5G. نرخیان لە 110$ دەست پێدەکەن و گرانبەهاترینیان A71 5G ـە، کە نرخی دەگاتە 600$. هەر وەک لە ناوەکانیان دیارە، مۆبایلەکانی A51 5G و A71 5G پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن.
Galaxy A01 و Galaxy A51
مۆبایلەکانی Galaxy A01 و A51 دەبنە یەکەمین مۆبایلەکانی زنجیرەکە کە لە ئەمساڵدا بەردەست بکرێن، لە ڕێکەوتی 9 ـی ئەم مانگە بە نرخی 110$ و 400$ بەردەست دەکرێن.
مۆبایلی A01 خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 5.7 ئینج بە ڕوونی +HD و ڕوونماکەی لە جۆری Infinity-V ـە، کە وای کردووە نۆچی سەر ڕوونماکەی لە شێوەی پیتی “v” ببێت. لە پێشەوە خاوەن کامێرایەکە بە ڕوونی 5 مێگاپێکسڵ و لە پشتەوەش خاوەن دوو دانە کامێرایە بە ڕوونییەکانی 13 و 2 مێگاپێکسڵ. خاوەن پڕۆسێسەرێکی هەشت ناوەکییە بە هەبوونی بیرگەی 16 گێگابایت و پاتری 3,000 ملی ئەمپێرییەوە.
مۆبایلی A51 لە دیزایندا هاوشێوەی Pixel 3A ـی گووگڵە و لە زۆرینەی تایبەتمەندییەکاندا هاوشێوەی Galaxy A50 ـی پار ساڵە. خاوەن ڕوونمایەکی گەورەیە بە قەبارەی 6.5 ئینج بە ڕوونی +FHD لە جۆری OLED Infinity-O و چاڵ لە ژێر ڕوونماکەیدا هەیە کە کامێرایەکی تێدا جێگیر کراوە.
لە پشتەوە خاوەن 3 دانە کامێرایە و ڕوونی کامێرا سەرەکییەکەی 48 مێگاپێکسڵە، فراوانی هاوێنەی کامێرا Ultra Wide ـەکەی 123 پلەیە و کامێراکانی توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی تاوەکو ڕوونی 4K ـیان هەن. خاوەن پڕۆسێسەری 10 نانۆمەتری هەشت ناوەکییە بە هەبوونی ڕامی 4 گێگابایت و بیرگەی 128 گێگابایت و پاتری 4,000 ملی ئەمپێرییەوە.
Galaxy A11 و Galaxy A21
لە پاڵ مۆبایلەکانی A01 و A51، هەریەکە لە مۆبایلەکانی A11 و A21 ـیش بوونیان هەن، کە نرخیان 180$ و 250$ دەبن و لە هاوینی ئەمساڵدا بەردەست دەکرێن. هەردووکیان خاوەن پڕۆسێسەری هەشت ناوەکین.
مۆبایلی A11 خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.4 ئینج بە ڕوونی +HD و بە هەبوونی چاڵی ژێر ڕوونما و کامێرایەک لەسەری. لە پشتەوە خاوەن 3 دانە کامێرایە لە جۆرەکانی Wide-angle و Ultrawide-angle و Depth بە هەبوونی پاتری 4,000 ملی ئەمپێری و ڕامی 2 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی 32 گێگابایت.
هەرچی دەربارەی مۆبایلی A21 ـە، قەبارەی کەمێک گەورەترە و خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.5 ئینج. لە پشتەوە خاوەن 4 کامێرای ڕیزکراوی ستوونییە لە جۆرەکانی Wide-angle و Ultrawide-angle و Depth و Macro، لە پاڵ ئەوەش خاوەن پاترییەکە بە توانستی 4,000 ملی ئەمپێر و ڕامی 3 گێگابایت و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی بێوایەر بە توانای 15 وات دەکات.
Galaxy A51 5G و Galaxy A71 5G
دواین مۆبایلە نوێیەکان، بریتین لە Galaxy A51 5G و Galaxy A71 5G. نرخی A51 5G بڕی 500$ دەبێت و A71 5G ـیش بڕی 600$ دەبێت. هەردوو مۆبایلەکە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن و خاوەن پاتری 4,500 ملی ئەمپێری و هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما و بیرگەی 128 گێگابایت و پڕۆسێسەری هەشت ناوەکین. وە هەروەها پشتگیری لە mmWave و sub-600MHz بۆ ڕایەڵە 5G ـییەکانیان دەکەن.
مۆبایلی A51 5G خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.5 ئینج لە جۆری Super AMOLED Infinity-O و بە ڕوونی +FHD و لە ژێر ڕوونماکەیدا چاڵ هەیە کە کامێرایەکی 32 مێگاپێکسڵی تێدا جێگیر کراوە. لە پشتەوە خاوەن 4 کامێرایە بە ڕوونییەکانی 48 و 12 و 5 و 5 مێگاپێکسڵ.
خاوەن ڕامی 6 و 8 گێگابایتی و دەرچەی MicroSD ـە بۆ زیادکردنی قەبارەی بیرگە ناوەکییەکەی و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی 15 واتی دەکات. بە ڕەنگەکانی ڕەش و سپی و پەمەییەوە بە نرخی دەستپێکی 500$ لە هاوینی ئەمساڵدا بەردەست دەکرێت.

هەرچی دەربارەی مۆبایلی A71 5G ـە، خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.7 ئینج لە جۆری Super AMOLED Plus Infinity-O و بە ڕوونی +FHD و لە ژێر ڕوونماکەیدا چاڵ هەیە کە کامێرایەکی 32 مێگاپێکسڵی تێدا جێگیر کراوە. لە پشتەوە خاوەن 4 دانە کامێرای ئاست بەرزە بە ڕوونییەکانی 64 و 12 و 5 و 5 مێگاپێکسڵ.
خاوەن ڕامی 6 و 8 گێگابایتی و دەرچەی MicroSD ـە بۆ زیادکردنی قەبارەی بیرگە ناوەکییەکەی و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرای 25 واتی دەکات. بە ڕەنگەکانی ڕەش و زیوی و شینەوە بە نرخی دەستپێکی 600$ لە هاوینی ئەمساڵدا بەردەست دەکرێت. دەتوانین بڵێین باشترین مۆبایلی 5G ـییە لە خوار نرخی 1000$ ـەوە.

سەرجەم مۆبایلەکان بە ڕووکاری OneUI 2.0 ـی بنچینەکراو لەسەر Android 10 بەردەست دەکرێن.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.