هەواڵ 9, نیسان 2020

ژمارەی بەژداربووانی خزمەتگوزاری +Disney گەیشتە سەروو 50 ملیۆن بەژداربوو

خزمەتگوزاری پەخشکەری لاوی +Disney ڕایگەیاند کە ژمارەی بەژداربووانی تۆڕەکەیان 50 ملیۆن بەژداربووی تێپەڕکرد.

2 مانگ لەمەوبەر، کۆمپانیای The Walt Disney ـی خاوەن خزمەتگوزاری پەخشکەری +Disney ـی تایبەت بە فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان، ڕایگەیاند کە ژمارەی بەژداربووانیان گەیشتە 22 ملیۆن بەژداربوو. بە هۆی ئەوەی کە خزمەتگوزارییەکە فراوانتر کرا و لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە هەر یەکە لە وڵاتانی بەریتانیای مەزن و هیندستان و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و نەمسا و سویسڕا بەردەستکرا، ژمارەی بەژداربووانی تۆڕەکە دوو هێندە بەرز بووەوە و گەیشتە 50 ملیۆن بەژداربوو.

بە بەراورد بە خزمەتگوزاری پەخشکەری Netflix، هێشتا ژمارەی بەژداربووانی +Disney بریتییە لە 1/3 ـی ژمارەی بەژداربووانی Netflix. بەڵام گەیشتن بەم ژمارەیە لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا، بۆ +Disney زۆر نایابە و بێگومان ژمارەکە ڕوو لە هەڵکشان دەدات، لەبەر ئەوەی خزمەتگوزارییەکە تاوەکو ساڵی 2021 لە سەرانسەری جیهان بەردەست دەکرێت.

یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی زیادبوونی ژمارەی بەژداربووانی +Disney لەم ماوەیەدا، بە هۆی بەردەستکردنی فیلمەکانی Frozen 2 و Onward دێت تێیدا. هەروەها کۆمپانیای The Walt Disney لە هەوڵدایە تاوەکو بە هەماهەنگی لەگەڵ ستۆدیۆکانی دیکەی بەرهەمهێنەری فیلمەکاندا فیلمە نوێیەکان بە شێوەی تایبەت لە خزمەتگوزاری +Disney بەردەست بکات.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ