گووگڵ 10, نیسان 2020

گووگڵ ناوی خزمەتگوزاری Google Hangouts Meet ـی گۆڕی بۆ Google Meet

کۆمپانیای گووگڵ براندی خزمەتگوزاری Google Hangouts Meet ـی تایبەت بە ئەنجامدانی پەیوەندییە ڤیدیۆییەکانی نوێکردەوە و ناوەکەی گۆڕی Google Meet.

لە بڵاوکراوەیەکی پەڕەی Google Cloud ـدا، کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاند کە بە فەرمی ناوی خزمەتگوزاری Google Hangouts Meet ـیان گۆڕی بۆ Google Meet، تاوەکو بەکارهێنەران ئاسانتر کاری خزمەتگوزارییە ناوبراوەکە بناسنەوە. هەروەها گووگڵ بۆ پێگەی The Verge ـی پشتڕاست کردەوە کە لەمەودوا خزمەتگوزاری Google Meet خزمەتگوزارییەکی سەربەخۆی G Suite ـە.

پێناچێت تاوەکو ئێستا بە تەواوی براندە نوێیەکە بەسەر خزمەتگوزارییە ناوبراوەکەدا چەسپاپێت، چونکە ناوی خزمەتگوزارییەکە بە Hangouts Meet ماوەتەوە لە کۆگاکانی App Store و Google Play ـدا، وە هێشتا خزمەتگوزارییەکە لە لیستی زنجیرە ئەپەکانی G Suite ـدا ماوەتەوە لە ماڵپەڕی فەرمی گووگڵدا.

نوێکردنەوەی براندی خزمەتگوزاری Google Hangouts Meet لە دوای ئەوە دێت کە ژمارەی بەکارهێنەرانی بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، هەر وەک گووگڵ دەڵێت بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکە 25 هێندە زیادی کردووە بە بەراورد بە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و لە هەر ڕۆژێکدا زیاتر لە 2 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە.

کرتە لێرە بکە بۆ بەکارهێنانی خزمەتگوزاری Google Meet ـی تایبەت بە ئەنجامدانی پەیوەندییە ڤیدیۆییەکان.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ