ئەپڵ 11, نیسان 2020

ئەپڵ و گووگڵ بە هاوبەشی سیستەمی شوێن پێ هەڵگرتنی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ iOS و Android ڕاگەیاند

کۆمپانیای ئەپڵ و گووگڵی ئەمریکی سیستەمێکی تایبەتیان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سیستەمەکانی iOS و Android ڕاگەیاند بە سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای گواستنەوەی مەودا کورتی Bluetooth.

سیستەمەکەی ئەپڵ و گووگڵ لەسەر بیرۆکەی کۆنی شوێنەواری لێککەوتن (Contact Tracing) درووست کراوە، کە کاتێک کەسێک تووشی ڤایرۆسێک ببێت، لە لایەن دامەزراوە تەندرووستییە حکومییەکانەوە بە زوویی بانگهێشت دەکرێت و ناوی سەرجەم ئەو کەسانەی لێ وەردەگیرێت کە بەرکەوتنیان لەگەڵی هەبووە، بەو شێوەیە دواین کەس دەدۆزنەوە و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەکەن.

بەڵام سیستەمەکەی ئەپڵ و گووگڵ بە تەواوەتی ئەلیکترۆنییە. تەکنەلۆژیای گواستنەوەی مەودا کورتی Bluetooth بەکاردەهێنێت، بە شێوەیەک کە مۆبایلەکەت لەگەڵ مۆبایلی نزیکترین کەسەکان کە مەوداتان کەمە و بۆ ماوەی 5 خولەک و زیاتر پێکەوەن، زانیارییەکان لە شێوەی کلیلێکی بە کۆد کراو پاشەکەوت دەکەن و بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لە داتابەیسێکی بیرگەیەکی هەوریدا پاشەکەوتی دەکەن. ئەم سیستەمە لە پشتەوە بۆخۆی پەڕەی سپی بەڵگەنامەیی درووست دەکات و زانیارییە پێویستەکان لە ڕێگەی کلیلەکانەوە وەردەگرێت، لە پاشان زانیارییەکان دەنێردرێن بۆ دامەزراوە تەندرووستییە حکومییەکانی ناوچەکەت و تەنها ئەوان توانای بینینی ئەو زانیارییانەیان دەبن.

ئەگەر کەسێک دەرچوو کە تووشی ڤایرۆسەکە بووە و ئەم سیستەمە کلیلەکانی ئاڵوگۆڕ کردبێت، ڕاستەوخۆ خاوەن سەرجەم کلیلەکانی دیکە (ئەو کەسانەی دیکە کە بەرکەوتەیان لەگەڵ توشبوو هەبووە) ئاگادار دەکرێنەوە.

سیستەمەکە ئەو کەسە ئاگادار دەکاتەوە کە ئەگەر زانیارییەکانی لە لایەن دامەزراوەیەکەوە دابگیردرێن. بۆ ئەوەی زیاتر بۆت ڕوون ببێتەوە کە چۆن کار دەکات، سەیرێکی ئەم وێنەیە بکە:

ئەپڵ و گووگڵ دەڵێن لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا API ـی تایبەت بە گەشەپێدەران بەردەست دەکەن تاوەکو دڵنیابن لەوەی کە دامەزراوە حکومییە تەندرووستییەکان توانای بەکارهێنانی ئەم سیستەمەیان هەبێت. تاوەکو ئەو ماوەیە، پێویست دەکات بەکارهێنەران ئەپی شوێنەواری لێککەوتن (Contact Tracing) ـی تایبەت بەکاربهێنن، کە ڕەنگە کەم بەکارهێنەر ئەمە بکات. بەڵام هەر کاتێک کە هەردوو کۆمپانیاکە سیستەمە ناوبراوەکەیان تەواوکرد، دەست بەجێ لە سیستەمە کارپێکەرەکانیاندا وەکو بژاردەیەک بەردەستی دەکەن و بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی iOS و Android بەردەست دەبێت.

ئەم سیستەمە خزمەتگوزاری GPS بەکارناهێنێت، بەڵکو تەنها Bluetooth بەکاردەهێنێت و Bluetooth ـیش توانای ئەوەی نییە شوێنی بەکارهێنەران پێ بزانێت و تەنها لە ڕێگەی شەپۆلەوە مەودا دیاری دەکات.

سیستەمەکە ژمارەی هەنگاوەکانی نێوان بەرکەوتەکان دەپێوێت بۆ پاراستنی کەسێتی و نەناسینەوەی کەسەکان لە لایەن ئەو کەسانەی کە زانیارییەکانیان بەدەست دەگات، لەگەڵ ئەوەشدا زانیارییەکانی بەرکەوتەکان لە شێوەی ناسێنەرەوەی بە کۆد کراودا نوێ دەکرێنەوە و هەموو 15 خولەک جارێک ئەو کۆدانە نوێ دەبنەوە، بەمەش هیچ ڕێگایەک نییە تاوەکو کەسەکانی پێ بناسرێنەوە و سیستەمەکە بۆخۆی ئاگاداری کەسەکان دەکاتەوە ئەگەر هەر بەرکەوتەیەک تووشی ڤایرۆسەکە بووبێت.

بێگومان ئەم سیستەمە خاڵی نەرێنی هەیە، بۆ نموونە ڕەنگە هاوژوورەکانت وەک بەرکەوتە دیاری بکات کە تەنانەت هەر نزیکیشیان نەبوویتەتەوە، بەمەش بێ هۆ خەڵکی نیگەران دەکات. بە هەرحاڵ، بێگومان باشییەکانی ئەم سیستەمە زۆر زیاترن و دەشێت ڕۆڵێکی باشی هەبێت لە ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەپڵ و گووگڵ بە بەردەوامی لە گفتوگۆدا دەبن لەگەڵ لایەنە تەندرووستییەکان بۆ پێدانی ڕێنمایی سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی سیستەمەکە. ڕەنگە ئەم سیستەمە جێگەی سیستەمی کۆنی شوێنەواری لێککەوتن (Contact Tracing) نەگرێتەوە، بەڵام ئەمە بە تەواوی ئەلیکترۆنییە و سوود لە ئامێرێک وەردەگیردێت کە ملیاران خەڵک هەیانە.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ