مۆبایل و تابلێت 23, نیسان 2020

مۆبایلەکانی Motorola Edge و +Motorola Edge بە کامێرای 108 مێگاپێکسڵییەوە ڕاگەیاندران

کۆمپانیای مۆتۆرۆلای ئەمریکی مۆبایلەکانی Motorola Edge و +Motorola Edge ـی بە کامێرای 108 مێگاپێکسڵییەوە ڕاگەیاندن.

هەر وەک لە ناوەکانیان دیارە، Edge، خاوەن ڕوونمای لێوار چەماوەیین. پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن و خاوەن 3 کامێران لە پشتەوە، بەمەش مۆتۆرۆلا گەڕایەوە بۆ مەیدانی کێبڕکێی مۆبایلە ئاست بەرزەکان.

+Motorola Edge

مۆبایلی +Motorola Edge خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.7 ئینج لە جۆری AMOLED و بە تێکڕای نوێبوونەوەی 90 هێزتر و ڕوونی +1080p، پشتگیری لە +HDR10 دەکات و خاوەن چاڵێکە لە ژێر ڕوونماکەی کە کامێرایەکی 25 مێگاپێکسڵی لەسەر جێگیرکراوە. لایەکانی ڕوونماکەی چەماوەیین و خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆرە لە ژێر ڕوونماکەیدا.

لە پشتەوە خاوەن 3 دانە کامێرای ئاست بەرزە بە ڕوونییەکانی 108 و 8 و 16 مێگاپێکسڵ، کە پشتگیری لە تۆمارکردنی ڤیدیۆکان تاوەکو ڕوونی 8K دەکەن.

بە نوێترین پڕۆسێسەری Qualcomm لە جۆری Snapdragon 865 بەهێز کراوە، کە وا دەکات پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بە خێراترین تێکڕای شەپۆل بکات. خاوەن ڕامی 12 گێگابایت لە جۆری LPDDR5 و بیرگەی ناوەکی 256 گێگابایت لە جۆری UFS 3.0 و پاترییەکە بە توانستی 5,000 ملی ئەمپێر کە پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا بە توانای 18 وات دەکات، هەروەها پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی بێوایەری خێرا و هاوبەشیپێکردنی بارگە دەکات بە توانای 15 و 5 وات.

خاوەن دەرچەی بیستۆکی 3.5 میلیمەترییە و سیستەمی کارپێکەری Android 10 ـی لەسەر جێگیرکراوە.


Motorola Edge

مۆبایلی Motorola Edge لە زۆرینەی تایبەتمەندییەکاندا هاوشێوەی +Motorola Edge ـە، ئەوە نەبێت کە لێواری ڕوونماکەی زیاتر چەماوەییە و پشتگیری لە +HDR10 ناکات.

پڕۆسێسەری Snapdragon 765G ـی لەسەر جێگیر کراوە و پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکات. وەشانە جیهانییەکەی خاوەن ڕامی 6 گێگابایت و ئەمریکییەکەی خاوەن ڕامی 4 گێگابایتە، هەروەها خاوەن بیرگەیەکە بە قەبارەی 128 گێگابایت کە پشتگیری لە دەرچەی microSD دەکات بۆ زیادکردنی قەبارەکەی. پاترییەکەی 4,500 ملی ئەمپێرە و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا بە توانای 18 وات دەکات. وە نەخێر، پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی بێوایەر ناکات.

لە دیزاینی پشتەوەیدا، جیاوازە بە بەراورد بە +Motorola Edge و کامێراکانی جیاوازتر ڕێکخراون. هەروەها خاوەن کامێرایەکی زیاترە لە جۆری ToF و ڕوونی کامێراکانی 64 و 8 و 16 مێگاپێکسڵن. ڕوونی کامێرای پێشەوەی هاوشێوەی +Motorola Edge ـە.

مۆبایلی +Motorola Edge بە ڕەنگەکانی خۆڵەمێشی و مۆرەوە بە نرخی 999$ لە ڕێکەوتی 14 ـی مانگی داهاتوودا لە ئەمریکا بەردەست دەکرێت بۆ کڕین، جۆرە ئاساییەکەشی بە ڕەنگەکانی ڕەش و مۆرەوە بەردەست دەکرێت، بەڵام نرخ و ڕێکەوتی بەردەستکردنی نەزاندراوە.

سەرچاوە The VergeGSMArena
بۆچونی تۆ