هەواڵ 21, شوبات 2020

لاری تێسلەر، درووستکەری کردارەکانی Cut و Copy و Paste، لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

لاری تێسلەر (بە ئینگلیزی: Larry Tesler)، زانای کۆمپیوتەر و درووستکەری کردارەکانی بڕین (Cut) و لەبەرگرتنەوە (Copy) و دانانەوە (Paste)، لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

لاری تێسلەر لە ساڵی 1945 لە نیویۆرک لە دایک بووە و لە زانکۆی ستانفۆرد زانستی کۆمپیوتەری خوێندووە. لە دوای کارکردن لەسەر پڕۆژەیەکی ژیری دەستکرد، تێسلەر لە ساڵی 1973 ـدا چووە نێو ناوەندی توێژینەوەی پالۆ ئەڵتۆ (PARC) و لەوێوە بیرۆکەی کردارەکانی Cut و Copy و Paste ـی کردە ڕاستی. ئیدی لەو کاتەوە هەر سێ کردارەکە لە ئامێرەکانی تایبەت بە نووسین و لە پاشان لە سەرجەم سیستەمە کارپێکەرەکانی کۆمپیوتەرەکاندا جێگیرکران.

ناوەندی PARC بەوە بەناوبانگ بوو کە یەکەمین شوێن بوون کاریان لەسەر گرافیک و ڕووکاری بەکارهێنەر و چۆنیەتی بەکارهێنانیان لە ڕێگەی ماوسەوە دەکرد. ستیڤ جۆبس، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری پێشووی کۆچکردووی ئەپڵ، پێشووتر لەگەڵ ئەم ناوەندەدا ئاشنا ببوو بیرۆکەکانیانی بۆ باشترکردنی ئامێرەکانی کۆمپانیای ئەپڵ بەکاردەهێنا. تێسلەر بەشێک بوو لەو هۆکارانەی کە ستیڤ جۆبس بۆ چەند جارێک سەردانی ناوەندەکەی کردبوو، تێسلەر ئەمە لە ڤیدیۆیەکدا دووپات دەکاتەوە.

کردارەکانی Cut و Copy و Paste تاوەکو ئێستا کردارێکی زۆر باون لە نێو بە نزیکەیی هەموو ئامێرە تەکنەلۆژییەکاندا، هەروەها پاڵەوانی چەند بەکارهێنەرێکە لە بوارەکانی گرافیک دیزاین و پڕۆگرام کردن و زیاتردا. ماڵپەڕە تاکە کەسییەکەی تێسلەر دەڵێت کە تێسلەر و هاوڕێیەکی کۆلیژی بە ناوی تیم مۆتەوە، گەشەیان بە بیرۆکەی کردارەکانی Cut و Copy و Paste دا کاتێک کە لە PARC پێکەوە کاریان لەسەر ئامێری دەستکاریکردنی نووسینی Gypsy دەکرد.

لە ساڵی 1980 ـدا، تێسلەر چووە کۆمپانیای ئەپڵەوە و تاوەکو ساڵی 1997 لە کۆمپانیاکەدا مایەوە. لەو ماوەیەدا، تێسلەر لە ئەپڵ کاری لەسەر ژمارەیەک بەرهەمی وەک کۆمپیوتەرەکانی Macintosh و Lisa و ئەپی QuickTime و تابلێتی Newton کردبوو. هەروەها کۆمپیوتەرەکانی Macintosh و Lisa یەکەمین کۆمپیوتەری تاکەکەسی بوون کە لە ساڵی 1993 خاوەن کردارەکانی Cut و Copy و Paste بوون، سوپاس بۆ بیرۆکەکەی تێسلەر. لە ساڵی 1993 پلەی ڕابەری زاناکانی لە نێو کۆمپانیای ئەپڵدا وەرگرت.

لە دوای وازهێنانی لە کۆمپانیای ئەپڵ، لاری تێسلەر کاری لەسەر ئەپی پەروەردەیی Stagecast کرد، هەروەها کاری لە هەریەکە لە کۆمپانیاکانی Amazon و Yahoo و 23andMe کردبوو.

دەتوانیت لێرەوە تەواوی ئەزموونەکانی لاری تێسلەر بخوێنیتەوە، یاخود لێرەوە سەردانی هەژمارە فەرمییەکەی LinkedIn ـی بکەیت.

بۆچونی تۆ