ئەندرۆید
1, تهمموز 2020
لەمەودوا کۆنتڕۆڵی Google Stadia بە شێوەی بێوایەر کار لەگەڵ مۆبایلەکانی ئەندرۆید دەکات

6 مانگی خایاند بۆ بەردەستکردنی ئەم تایبەتمەندییە، بەڵام لە کۆتایدا گووگڵ ڕاگەیاند کە لەمەودوا کۆنتڕۆڵی خزمەتگوزاری Google Stadia بە شێوەی بێوایەر لەگەڵ مۆبایلەکانی ئەندرۆیددا کار دەکات.
کاتێک بۆ یەکەمجار خزمەتگوزاری Google Stadia لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا بۆ تەلەفزیۆن و مۆبایلەکانی ئەندرۆید و وێب بەردەستکرا، کۆنتڕۆڵەکەی بە تەنها پشتگیری لە کارپێکردنی بە شێوەی بێوایەر لە تەلەفزیۆنەکان دەکرد و دەبووایە وایەری USB بەکاربهاتبایە بۆ مۆبایلەکان. گووگڵ ئەپی خزمەتگوزاری Google Stadia ـی بۆ ئەندرۆید نوێ کردەوە و ئیدی دەرفەت بە بەشداربووانی خزمەتگوزارییەکە لە مۆبایل دەدات تاوەکو بە شێوەی بێوایەر کۆنتڕۆڵی تایبەت بە خزمەتگوزارییەکە بەکاربهێنن.

لە ڕاستیدا، گووگڵ بە تەنها کاری لەسەر ئەم تایبەتمەندییە بە هێواشی نەکردووە بۆ خزمەتگوزارییەکە، بەڵکو کۆمپانیاکە زۆر بە هێواشی کار لەسەر تایبەتمەندییەکانی دیکەی خزمەتگوزارییەکە دەکات. لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا پشتگیری 4K ـی لە وێب زیادکرد، وە وەشانی خۆڕایی لە نیساندا لێ بەردەست کرد.
سەرەڕای ئەمەش، گووگڵ سەرقاڵی زیادکردنی یاری زیاترە بۆ خزمەتگوزاری Google Stadia، لە پلانیدایە لە ئەمساڵدا زیاد لە 120 یاری بۆ زیاد بکات.
ماکوان بەرزان
نووسەر و بەڕێوەبەری نووسین لە کەی ئای تی ئێن. گەشەپێدەری iOS، هەواداری و خوێندکاری پەیمانگەی زانستی کۆمپیوتەر.