ئاسایشی ئەلیکترۆنی 1, ئاب 2021

کیلۆگەر (Keylogger) چیە؟

جۆرێکە لەو پرۆگرامانەی کە لەلایەن هاککەرانەوە دروستدەکرێت و بە ئامانجی سیخوڕی کردن و بردنی زانیاریە تایبەتی و کەسیەکان بەکاردەهێنرێت. لەسەر کۆمپیوتەرەکان و مۆبایلە زیرەکەکان و تابلێتەکان بەچەند جۆرێکی جیاواز دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە یەکێک لە پرۆگرامە مەترسیدارەکانی بواری سیخوریکردن و هاککردن دادەنرێت لە جیهاندا.

ئامانجی کیلۆگەر چیە؟

کیلۆگەر بەشێوەیەکی سەرەکی کار لەسەر (keyboard)ی ئامێرەکان دەکات، واتە تۆی بەکارهێنەر هەر شتێک لەسەر ئامێرە زیرەکەکەت، بۆ نمونە: مۆبایلە زیرەکەکەت یان کۆمپیتەرەکەت بنووسیت، ڕاستەوخۆ دەگات بە کەسی (هاککەر) سیخور، بەبێ ئەوەی تۆ هەستی پێ بکەیت.

جۆرەکانی زانیاری کامانەن کە لەڕیگەی کیلۆگەرەوە دەبردرێن یان سیخوڕی بەسەریانەوە دەکرێت؟

ئەو زانیاریانەی کە تایبەتن بە (نوسین) زۆرباوە، بەتایبەت وەک (ئیمەیڵ، ژمارەی مۆبایل، تێپەڕەوشەی هەژمارە کەسیەکانی وەک فەیسبوک و ئینستەگرام و سناپچات و هتد. ژمارەی کاردی بانکی کەسی، مۆڵەت (لایسنسی) ئەپڵیکیشەن و پڕۆگرامەکان و هتد. لەڕێگەی کیلۆگەرەوە زۆر بە ئاسانی سیخوری بەسەریانەوە دەکرێت و دەبردرێن.

جۆرەکانی کیلۆگەر چین بە گشتی؟

بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆر کیلۆگەر هەیە کە هەر یەکەیان بەشێوازێک کار لەسەر سیستمەکە دەکات:

١- Software Keylogger

ئەم جۆرەیان زۆر باوە و لەڕێگەی ئینتەرنیتەوە دەگوازرێتەوە، بەشێوەیەک دەتوانی لەڕێگەی (ئیمەیڵ، تۆڕی کۆمەڵایەتی،وێبسایت، هتد) توشی بەکارهێنەران بن و زانیاریە کەسیەکانیان سیخوڕی بەسەرەوە بکرێت.

٢- Hardware Keylogger

ئەم جۆرەیان لە ڕێگەی چپێکی ئەلکترۆنییەوە دەدرێت لە کۆمپیوتەرەکان، بەتایبەت لە شوێنی کارکردن یاخو لە کافێیەک کاتێک کۆمپیوتەرەکەت بەجێدەهێڵیت کەسێکی هاککەر دێت ئەو چپە ئەلکترۆنیە دەکات بە ئامێرەکەوە و لە ڕێگەی وایفای یاخود ئینتەرنیت زۆر بەئاسانی زانیاریەکان بەدەستی دەگات. بۆیە دەستنیشانکردنی ئەم جۆرە لەلایەن سیستمەکەتەوە ئەستەم ترە و مەترسیدارترین جۆری کیلۆگەرە.

چۆن بەکارهێنەران توشی ئەم پرۆگرامە دەبن؟

زۆر ئاشکرایە ئێمەی بەکارهێنەر ڕۆژانە تۆڕی ئینتەرنێت بەکاردەهێنین، چ لەسەر کۆمپیوتەرەکانمان چ لەسەر ئامێرە زیرەکەکان بێت. کاتێک ماڵپەڕێک یاخود پرۆگرامێک دادەبەزێنین لە سەرچاوەیەکەوە کە ڕەنگە باوەڕپێکراو نەبێت دەکرێت پرۆگرامی کیلۆگەری (Keylogger)ی لەگەڵ هاوپێچکرابێت بەبێ ئەوەی بەکارهێنەر هەستی پێ بکات. هەندێک جاریش بەهۆی لێهاتووی ئەو کەسەی کە پرۆگرامەرە و ئەو کیلۆگەرەی پرۆگرام کردووە زۆر ئەستەمە لە لایەن پرۆگرامەکانی بواری ئاسایشی سیستەمەکە (Antivirus  و Firewall) بدۆزرێتەوە و نەهێڵێت کاریگەری هەبێت لەسەر بردنی زانیاریە کەسیەکان. بەشێوەیەکی گشتی لە ٪٧٥ بۆ ٪٨٠ جۆرەکانی کیلۆکگەر نادۆزرێنەوە لەلایەن پرۆگرامەکانی بواری ئاسایشی سیستەمەکە (Antivirus و Firewall).

پرسیارە گرنگەکە لێرەدایە چۆن خۆمان بپارێزین لەم جۆرە سیخوریکردنە؟

چەندین ڕێگەی تایبەتی هەیە بۆ ئەم جۆرە کیلۆگەرانە بەڵام هیچ یەکێکیان لە ٪١٠٠ ناتوانن بڕیاری ئەوە بدەین کە دڵنیابیت پارێزراویت بە بەکارهێنانی ئەم ڕێگانە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە لە ماڵپەڕێک یاخود بەستەر و لینکێک یان پرۆگرامێک دڵنیا نەبیت و لەسەرچاوەی باوەڕپێکراو نەبێت هەرگیز دایمەبەزێنە و مەیکەرەوە و بەکاری مەهێنە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باش پارێزراو بیت لەم جۆرە هاککردن و سیخوڕیکردنە.

 

نوسینی شەنیەر طاهر محمد

مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی

کۆلێجی زانست – بەشی کۆمپیوتەر

بۆچونی تۆ