ئۆپۆ 21, تشرینی یه‌كه‌م 2021

مۆبایلی Oppo K9s بە چیپسێتی سناپدراگۆن 778G و ڕوونمای 120 هێرتز نمایشکرا

ئۆپۆ مۆبایلی Oppo K9sـی نمایشکرد، کە لە  ڕووی پاتری و روونماوە باشترکراوە بە بەراورد بە مۆبایلی Oppo K9.

مۆبایلەکە روونمایەکی LCD بەقەبارەی 6.59 ئینج بە تێکرایی نوێبوونەوەی 120 هێرتز و تێکرایی نوێ بوونەوەی دەست لێدانی 240 هێرتز و بەروونی +FHD لەسەر جێگیرکراوە و روونماکەی بە پارێزەری Panda Protection رووپۆش کراوە. هەروەها ئەم ڕوونمایە پشتگیری لە تەکنەڵۆژیای DCI-P3 دەکات بە ڕێژەی %100 بۆ ڕەنگەکان و هەروەها رووناکیەکەی دەگاتە 600 نیت.

بە چیپسێتی Snapdragon 778G بەهێزکراوە و  بەهەردوو بژاردەی ڕامی 6 گێگابایت و 8 گێگابایت لەجۆری LPDDR4x بەردەست دەخرێت. شایەنی باسە بە بژاردەی بیرگەی 128 گێگابایت لەجۆری UFS 2.2 بەردەست دەخرێت و بژاردەی ڕامی 8 گێگابایت پشتگیری لە تایبەتمەندی RAM Virtual دەکات کە ڕێگەت پێدەدات 5 گێگابایتی بیرگە وەکو ڕامی زیاتر بەکاربهێنیت.

ئەم مۆبایلە کامێرای سێڵفییەکەی وەکو کامێرای سێڵفی جۆری پرۆکەیەتی بە روونی 16 مێگاپیکسڵ و لە دواوە سێ کامێرا لە خۆدەگرێت، کە کامێرای سەرەکی بەروونی 64 مێگاپیکسڵە و توانای هەیە بەروونی 4K و 30 وێنە لە چرکەیەکدا ڤیدیۆ تۆماربکات، کامێرای گۆشەفراوانەکەیشی ڕوونی 8 مێگاپیکسڵ و کامێرای ماکرۆکەیشی 2 مێگاپیکسڵە.

پاترییەکی قەبارە 5000 مللی ئەمپێر.کاتژمێر لەخۆدەگرێت و پشتگیری لە بارگاویکەرەوەی خێرادەکات بەهێزی 30 وات و توانای هەیە تەواوی پاترییەکە لەماوەی 59 خولەک بارگاوی بکاتەوە.

شایەنی باسم، مۆبایلەکە هەستەوەری پەنجەمۆر لەسەر دوگمەی Power جێگیرکراوە و دەرچەی هێدفۆن جاک لە خۆدەگرێت و پشتگیری هەر یەک لە ئینتەرنێتی تۆڕی نەوەی پێنجەم و Wi-Fi 6 و Bluetooh 5.2 دەکات.

نرخی مۆبایلەکە بۆ بیرگەی 128 گێگابایت و ڕامی 6 گێگابایت بریتییە لە 265 دۆلار و بۆ بیرگەی 128 گێگابایت و ڕامی 8 گێگابایت بریتییە لە 300 دۆلار. ئەم مۆبایلە لەڕێکەوتی 1 ـی مانگی داهاتوو بەردەست دەبێت لەچین و تا ئەم خولەکەش هیچ رێکەوتێک ئاشکرا نەکراوە بۆ بەردەست بوونی لە جیهان.

سەرچاوە Gadget360GSMarena
تاگەکان Oppo OppoK9s
بۆچونی تۆ