ئامێرە هەمەجۆرەکان 7, كانونی دووه‌م 2020

کۆمپانیای Samsung ڕۆبۆتی Ballie ـی نمایشکرد: دەبێتە یارمەتیدەر و چاودێر لە ماڵەکەتدا

هەموو ڕۆژێک کۆمپانیای Samsung بە سوپرایزێکی جوانەوە ڕۆژەکەی لە پێشانگای CES 2020 دەست پێدەکات، ئەمڕۆ کۆمپانیاکە تۆپێکی ڕۆبۆتی بە ناوی Ballie ـەوە لە میانەی بەڕێوەچوونی پێشانگای CES 2020 ـدا نمایشکرد.

ڕۆبۆتی Ballie قەبارەی بچکۆلانەیە و لە شێوەی تۆپدایە (یان دەتوانیت بە تۆپی ڕۆبۆتی ناوی ببەیت). تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد (AI) ـی تێدا بەکارهاتووە تاوەکو ببێتە ڕۆبۆتێکی چاودێر/پاسەوان، یاریدەدەری وەرزشی، ئامرازێک تاوەکو گەورەکانی ماڵ مۆبایلە زیرەکەکانیان پەیوەستی بکەن بە مەبەستی چاودێریکردنی ماڵ، تەنانەت دەتوانێت ببێتە هاوڕێیەک بۆ منداڵ و ئاژەڵەکانی ماڵەوەت!

لەسەر سەکۆی کۆنگرەکە، بەڕێز H.S. Kim، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای Samsung، ڕۆبۆتەکە بانگ دەکات و ڕۆبۆتەکەش ڕاستەوخۆ بەرەو ڕووی دەڕوات، ئەمەش بە هۆی کامێراکانی بوو کە ڕاستەوخۆ Kim ـی ناسییەوە و بەرەو ڕووی ڕۆیشت، هەروەها Ballie چەند فرمانێکی Kim ـی وەکو ڕۆبۆتێکی ژیر جێبەجێ کرد و Kim بۆ هەر کوێیەک بڕۆیشتایە بە شوێنی دەکەوت.

نایشارینەوە، کە ئەمە جوانترین بەرهەمە بە لامانەوە کە تاوەکو ئێستا لە پێشانگاکەدا نمایش کرابێت، بە داخەوە دەرفەتمان نەبوو لە کۆنگرەکە ئامادە ببین و لە نزیکەوە ئەم ڕۆبۆتە خنجیلانەیە تاقی بکەینەوە. دڵنیاین کە حەزت لێیە لە داهاتوودا بیکڕیت، وا نییە؟

کۆمپانیای Samsung ئاشکرای نەکرد کە ئەم ڕۆبۆتە ژیرە کەی بەردەست دەکرێت و نرخی چەند دەبێت. بە پەرۆشین بۆ بەردەستکردنی.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ