ئەپڵ
16, تەممووز 2023
پێدەچێت یەکەمین ماکەکان بە چیپسێتی Apple M3 لە مانگی 10 نمایش بکرێن

بە پێی وتەی Mark Gurman لە ماڵپەڕی بلوومبێرگەوە یەکەمین کۆمەڵە کۆمپیوتەری ماک بە چیپسێتی Apple M3 ـەوە لە مانگی 10ی ئەمساڵ نمایش دەکرێت. مارک دەڵێت ئەپڵ لە دوای بۆنەی مانگی 9 کە ساڵانە ڕێک دەخرێت بۆ نمایش کردنی ئایفۆن و بەرهەمە نوێیەکانی دیکەی ئەپڵ، ئەپڵ پلانی وایە مانگی 10 ـش یەکەمین کۆمەڵە ماک کە ئای ماک و ماک بووک و ماک بووک پرۆی 13 ئینج دەبن بە چیپسێتی Apple M3 بەردەست بخات.
پێدەچێت ئەمساڵ خواستێکی باشتر لەسەر بەرهەمە نوێیەکان بێت چیپی Apple M3 ـیەوە چوونکە پێشبینی دەکرێت بناغەی 3 نانۆمەتری کۆمپانیای TSMC بێت. لە ڕابردوودا ئەپڵ لەگەڵ ماکە نوێیەکان ئایپاد پرۆی نوێشی ڕادەگەیاند، بەڵام مارک دەڵێت “پێشبینی ناکەم هیچ ئایپادێکی پرۆی نوێ ڕابگەیەنرێت تاوەکو ساڵی داهاتوو بە چیپسێتی Apple M3 و ڕوونمای OLED”.
بەڵام ئاماژە بە iPad Air ـێکی تەواو نوێکراوە دەکات کە لەم ساڵدا ڕادەگەیەنرێت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.