مۆبایل و تابلێت 1, ئازار 2020

کۆمپانیای Vivo نموونەی مۆبایلی Vivo APEX 2020 ـی بە ڕوونمایەکی لێوار چەماوەییەوە نمایشکرد

دەبووایە مۆبایلی Vivo APEX 2020 لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایل (MWC) ـدا نمایش بکرایە، بەڵام کۆنگرەکە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ ئەمساڵ هەڵوەشایەوە و پلانی Vivo ـی تێکدا. بە هەرحاڵ، ئەمە نەبووە بەربەست لە بەردەم نمایشکردنی مۆبایلەکەدا، دواجار نمایشکرا.

کۆمپانیای Vivo بە شێوەی سەرهێڵی و لە ڕێگەی ڤیدیۆیەکی یوتیوبەوە، مۆبایلی Vivo APEX 2020 ـی بە ڕوونمایەکی لێوار چەماوەییەوە نمایشکرد. هەر وەک ئاماژەمان پێکردووە کە مۆبایلەکە لە شێوەی نموونەدا نمایش کراوە، بەتەواوی ئەوەی پێوە دیارە و هیچ لە مۆبایلێکی ڕاستەقینە ناچێت. خاوەن ڕوونمایەکی پڕاوپڕی 6.45 ئینجییە، کە لێوارەکانی 120 پلە چەماونەتەوە، بەمەش مۆبایلەکە خاوەن هیچ دەرچە و دوگمەیەکی فیزیایی نییە و دوگمەکانی بە شێوەی هەستیارن.

لە ژێر ڕوونماکەیدا، خاوەن کامێرایەکە بە ڕوونی 16 مێگاپێکسڵ، بۆ یەکەمجار Vivo توانی ڕوونی کامێرای ژێر ڕوونما بگەیەنێتە ئەو ئاستە ڕوونییە. کامێراکانی پشتەوەی کەمێک لە ڕاستەقینە دەچن، لە پشتەوە خاوەن 2 دانە کامێرایە، کە ڕوونی کامێرا سەرەکییەکەی 48 مێگاپێکسڵە و ڕوونی ئەوی دیکەی 16 مێگاپێکسڵە بە هەبوونی تەلەسکۆپ و مەودای نزیککردنەوەی ڕاستەقینەوە.

هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، مۆبایلەکە خاوەن هیچ دەرچەیەک نییە، تەنانەت دەرچەی بارگاویکردنەوەش. دەتوانرێت تەنها لە ڕێگەی بارگاویکەرەوەی بێوایەرەوە بە توانای 60 وات بارگاوی بکرێتەوە. هەرچی دەربارەی بڵندگۆیە، مۆبایلەکە نەوەی سێیەمی تەکنەلۆژیای دەنگیی Screen SoundCasting بەکاردەهێنێت.

لە ناوەوە، خاوەن پڕۆسێسەری Snapdragon 865 و ڕامی 12 گێگابایت و بیرگەی 256 گێگابایتە و بە سیستەمی Android 10 کار دەکات، هەروەها بە تەنها خاوەن بژاردەی ڕەنگی ڕەش دەبێت.

هاوشێوەی نەوەی پێش خۆی، چاوەڕوان ناکرێت ئەم نەوەیەی مۆبایلەکەش لە داهاتوویەکی نزیکدا نمایش بکرێت.

پرسیارەکە ئەوەیە، دەزانین کە Vivo دەیەوێت دیزاینی داهاتووی مۆبایلەکان بکات، بەڵام ئاخۆ ئەو جۆرە دیزاینانە کەی دەبنە ڕاستی؟

سەرچاوە The VergeGSMArena
بۆچونی تۆ