هەواڵ
29, ئاب 2023
هواوەی لەناکاو مۆبایلی مەیت 60 پرۆی نمایش کرد

هواوەی ئەمڕۆ لە چین هەمووانی شۆک کرد و بە بێ رێکخستنی بۆنە و بە بێ هیچ ڕیکلامێکی پێشوەختە مۆبایلی Huawei Mate 60 Proی نمایش کرد.
مۆبایلەکە دوو ڕەنگییە (واتە بەشی سەرەوەی ڕەنگێکە و بەشی خوارەوەشی ڕەنگێکی دیکە) و بە چوار بژاردەی جیاواز بەردەست دەبێت، نرخی بۆ بیرگەی 512 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت بریتییە لە 960 دۆلار.

هواوەی داهێنانێکی نوێی ئەنجامداوە و مۆبایلی هواوەی مەیت 60 پرۆ دەبێتە یەکەمین مۆبایل لە جیهاندا کە بتوانێت پەیوەندی تەلەفۆنی بە مانگی دەستکرد ئەنجام بدات، واتە بە بێ ئەوەی کە نیشانە(Signal) ـت هەبێت دەتوانیت بە یارمەتی مانگی دەستکرد تەلەفۆن ئەنجام بدەیت.

ڕوونمای مۆبایلەکە قەبارەی 6.82 ئینجە لە جۆری OLED بە ڕوونی 2720 × 1260 پێکسڵ و تێکڕای نوێبوونەوەی 120 هێرتز.
تێبینی گرنگ: خاڵەکانی GPU هەژمار نەکراوە بەهۆکاری ئەوەی هەڵسێنگێنەری Antutu تاوەکو ئێستا پشتگیری ئەم GPU ـە ناکات.
چیپسێتی Kirin 9000s لەسەر جێگیر کراوە. هەروەها بڕوانامەی IP68ی بۆ دژە ئاو و خۆڵ و تۆز هەیە. کامێرای سەرەکی دواوەی ڕوونی 50 مێگاپێکسڵە بە پشتگیری لە OIS، لەگەڵ کامێرای تێلەفۆتۆ بە پشتگیری OIS کە توانای نزیککردنەوەی 3.5 هێندەی جۆری ئۆپتیکاڵ و 100 هێندەی دیجیتاڵی هەیە، هەروەها کامێرای گۆشە فراوانی 12 مێگاپێکسڵیش.
لە پێشەوەی 3 چاڵی ڕوونما لە خۆ دەگرێت کە کامێرای سێڵفی بە ڕوونی 12 مێگاپێکسڵ و هەستەوەری قووڵی سێ دووری تێدا جێگیر کراوە.
پاتری 5,000 مللی ئەمپێر/کاتژمێرە و پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی وایەری 88 وات و بێتەلی 50 وات و پێچەوانەوەی 20 وات دەکات.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.