ئێچ پی
14, ئەیلوول 2023
ئێچ پی تەنکترین لاپتۆپی 17 ئینجی نمایش کرد

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ڕکابەری زۆر هەربوون بۆ بەرهەمهێنان و درووست کردنی لاپتۆپی چەماوە، وەک لاپتۆپی ThinkPadی لینۆڤۆ و لاپتۆپی Zenbookی ئەیسووس و زیاتریش…
ئێستا ئێچ پی بە لاپتۆپی چەماوەی Spectre Fold هاتۆتە نێو ڕکابەرییەکەوە.
لاپتۆپەکە کار بە سیستەمی وەگەڕخەری ویندۆز دەکات و قەبارەی ڕوونماکەی 17 ئینجە لە جۆری OLED کە دەچەمێتەوە لە ناوەڕاستدا.

لاپتۆپەکە بچووکترین و تەنکترین لاپتۆپی 17 ئینجە و کێشی کەمترە لە 3 پاوەند (1.361 کیلۆگرام).
ئەگەر بیرت لە کڕینی ئەم لاپتۆپە کردەوە، وا باشترە ئاگاداری نرخەکەشی بیت. نرخی دەستپێکی لاپتۆپەکە بریتییە لە 4,999 دۆلار. گرانترین لاپتۆپ نییە لە جیهاندا، بەڵام بەراورد بە ڕکابەرەکانی (مەبەستمان لە لاپتۆپە چەماوەکانە) گرانترە، بۆ نموونە ThinkPad X1 Fold نرخی 2,499 دۆلارە و Zenbook Fold نرخی 3,499 دۆلارە.

بۆ ئەوەی بە گەورەترین شێوە کاری پێ بکەیت، دەبێت ڕاگرەکەی لە پشتەوەی بکەیتەوە و ئەو کات دەتوانیت ئەزموونی ڕوونمای 17 ئینج بکەیت، دەتوانیت بە 90 پلە بیچەمێنیتەوە و تەختەکلیلێکی Bluetoothی موگناتیسی لە بەشی خوارەوەی بوونی هەیە.
هەروەها دەتوانیت ئەم ڕاگرە بەکار نەهێنیت و لاپتۆپەکە بە ڕوونمای 12.3 ئینج بەکار بهێنیت.
پرۆسێسەری Intel Core i7-1250U لەسەر جێگیر کراوە و 1 تێرابایت بیرگەی جۆری SSD و 16 گێگابایت ڕام لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ ڕوونمایەکی OLED بە ڕوونی 1920 * 2560 پێکسڵ.
هەروەها ئێچ پی دەڵێت پاتری لاپتۆپەکە بەرگەی 12 کاتژمێر کار کردن دەگرێت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.