مایکرۆسۆفت
13, تشرینی یەکەم 2023
مایکرۆسۆفت بە سەرکەوتوویی کۆتایی هێنا بە کڕینەوەی کۆمپانیای Activision blizzard

مایکرۆسۆفت چەند خولەکێک پێش ئێستا ڕایگەیاند بە فەرمی کۆتایی هێنا بە کڕینەوەی کۆمپانیای Activision blizzard بە بڕی 68.7 ملیار دۆلار. کۆمپانیاکە پەرەپێدەری یارییە بەناوبانگەکانی وەک Call of Duty و World of Warcraft و Diablo ـیە. ئەم ڕێککەوتن و دۆسیەیە نزیکەی 20 مانگی خایاند بۆ ئەوەی کۆتایی پێبێت بەهۆی ئەو بڕە زەبەلاحەی کە بۆ کڕینەوەکە تەرخان کراوە. لەم 20 مانگەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شانشینی یەکگرتووی بەڕیتانیا ڕێگر بوون لەم گرێبەستە، وە ئەمڕۆ پاش ئەوەی شانشینی یەکگرتووی بەڕیتانیا ڕازیبوو بە کڕینەوەکە، مایکرۆسۆفت کۆتایی بە گرێبەستەکە هێنا و ئێستا بوو بە خاوەنی کۆمپانیای Activision blizzard.
ئەو ستۆدیۆیانەی کە لە ئێستادا لەلایەن مایکرۆسۆفت ئێکس بۆکسەوە خاوەندارێتی دەکرێن.
ئەمە گەورەترین گرێبەستی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتە بە درێژایی مێژوو. پاش کڕینەوەی linkedin بە بڕی 26 ملیار دۆلار لە ساڵی 2016 و کڕینەوەی ستۆدیۆی Bathesda لە ساڵی 2021 بە بڕی 7.5 ملیار دۆلار. هەروەها کۆمپانیاکە ڕایگەیاند ئێستا کۆمپانیای Activision blizzard سێیەمین کۆمپانیای گەیمینگە بۆ زۆری داهات پاش سۆنی و Tencent.
ڕاستەوخۆ پاش کڕینەوەکە سەرۆکی ئێکس بۆکس ڕایگەیاند کە لە ئەمڕۆوە دەست دەکەن بە کار کردن لەگەڵ کۆمپانیا نوێیەکەیان و پلانیان بۆ داهاتوو و بەردەست خستنی یارییەکانی ئەم کۆمپانیایە لەسەر خزمەتگوزاری گەیم پاس.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.