سامسۆنگ 5, تشرینی یەکەم 2023

سامسۆنگ ئامێری SmartTag 2ی بە دیزاینی نوێ و زیاترەوە نمایش کرد

 

سامسۆنگ ئامێری نوێکراوەی SmartTag2ی ڕاگەیاند بە دیزاینێکی نوێی بەهێزتر و گشتگیرتر و تەمەنی پاتری درێژتر و کۆمەڵێک تایبەتمەندی نوێوە. ئێستا ئامێرەکە ئەڵقەیەکی کانزایی لە ناوەوەی بوونی هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت بۆ شتی زیاتر بەکاربهێنرێت.

ئامێرەکە بەکار دەهێندرێت بۆ دۆزینەوەی شتی ون بوو و هەر ئامێرێک ئەمەی پێوە بکرێت بەکارهێنەر لە ڕێگەی مۆبایلەکەیەوە دەتوانێت شوێنەکەی دەستنیشان بکات. ئەی چی ئەگەر ئەم ئامێرە خۆی ون بوو؟ سامسۆنگ بۆ ئەم مەبەستە دۆخێکی نوێی بە ناوی Lost Mode بۆ ئامێرەکە زیاد کردووە کە بەکارهێنەر زانیارییەکانی خۆی تۆمار دەکات لە ئامێرەکەدا و هەر کاتێک ون بوو و کەسێک دۆزییەوە ڕاستەوخۆ بە سکان کردنی ئامێرەکە لە ڕێگەی NFC ـیەوە زانیارییەکانی خاوەنەکەی دەردەکەوێت.

دۆخی نوێی Compass View ڕاستەوخۆ شوێنی ئامێرەکە دیاری دەکات، بەڵام تەنها لەگەڵ ئەو ئامێرانە کاردەکات کە UWB(Ultra Wide Band) هەیە، وەک زنجیرەی گالەکسی ئێس ئەڵترا.

دۆخێکی پاراستنی وزەی نوێ بەردەست دەبێت بۆ ئامێرەکە کە وا دەکات پاترییەکەی بەرگەی 700 ڕۆژ بگرێت کە ئەمەش 2 هێندەیە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی، بە بێ دۆخی پاراستنی وزە و بە بەکارهێنانی ئاسایی ئامێرەکە بەرگەی 500 ڕۆژ کار کردن دەگرێت کە ئەمەش %50 زیاترە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی.

لەگەڵ نمایش کردنی ئامێرەکە ڕاستەوخۆ ئەپی SmartThings Find بە ڕووکارێکی نوێوە نوێکرایەوە و سەرەڕای ئەوەش ئەپەکە ڕێگەت پێدەدات شوێنی ئامێرەکە بدۆزیتەوە بە بەکارهێنانی کامێرای مۆبایلەکە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای Bluetooth و UWB و Augmented Reality.

ئامێرەکە بڕوانامەی IP67ی بۆ دژە ئاو و خۆڵ و تۆز هەیە و پشتگیری دووری تاوەکو 120 مەتر دەکات لە ڕێگەی کامێراوە. نرخی ئامێرەکە بریتییە لە 29 دۆلار و لە ڕۆژی 11ی ئەم مانگەوە لە بازاڕەکانی جیهان بەردەست دەبێت.

سەرچاوە GSM Arena
تاگەکان Samsung سامسۆنگ
بۆچونی تۆ