پلەیستەیشن 28, ئەیلوول 2023

جیم ڕایەن سەرۆکی پلەیستەیشن و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سۆنی دوای 28 ساڵ دەستی لە کار کێشایەوە

 

جیم ڕایەن، سەرۆکی پلەیستەیشن و بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سۆنی، ئێستا بە فەرمی ڕایگەیاند دەست لە کار دەکێشێتەوە. سۆنی ڕایگەیاند  کە ڕایەن لە مانگی 3ی ساڵی داهاتووەوە لە کۆمپانیاکەیان خانەنشین دەبێت. سەرۆکی کۆمپانیای گروپی سۆنی و بەرپرسی سەرەکی کارگێڕی Hiroki Totoki دەبێتە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاتی کۆمپانیای سۆنی لە ڕۆژی 1ی مانگی 4ی ساڵی داهاتوو.

ڕایەن لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: “دوای 30 ساڵ، بڕیاری خانەنشینبوونم لە SIE لە مانگی ئازاری 2024 ـەوە داوە، چێژم لەو دەرفەتە وەرگرتووە کە کارێکم هەبێت کە خۆشم دەوێت لە کۆمپانیایەکی زۆر تایبەتدا، لەگەڵ کەسانی گەورە و هاوبەشی باوەڕپێنەکراو کاردەکەم”، “بەڵام تادێت بۆ من قورستر دەبێت کە ژیان لە ئەوروپا و کارکردن لە ئەمریکای باکوور پێکەوە ببەستمەوە. من کۆمپانیاکە جێدەهێڵم و شانازییە کە کارم لەسەر ئەو بەرهەمانە کردووە کە پەیوەندیان بە ژیانی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا هەبووە، پلەیستەیشن هەمیشە بەشێک دەبێت لە ژیانم و لە هەموو کاتێک زیاتر هەست بە گەشبینی دەکەم بەرامبەر بە داهاتووی SIE”.

ڕایەن بۆ ماوەی 28 ساڵە لە کۆمپانیای سۆنی کاردەکات، لە ساڵی 1994 لە لقی ئەورووپای کۆمپانیاکە دەستی بە کارەکانی کردووە، لەوێ چەندین پۆستی سەرکردایەتی هەبووە، لەنێویاندا بەرپرسی فرۆشتن و بەبازاڕکردنی جیهانی. لە ساڵی 2019 ڕایەن جێگەی John Kodera گرتەوە وەک سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Sony Interactive Entertainment، تۆتۆکی لە مانگی 10ی ئەمساڵ دەبێتە سەرۆکی کۆمپانیای Sony Interactive Entertainment پێش ڕۆشتنی ڕایەن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ