هەواڵ
23, تشرینی یەکەم 2023
کۆمسیۆنی پەیوەندی و میدیای عێراقی هەڕەشە لە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەکات

کۆمسیۆنی پەیوەندی و میدیای عێراقی (CMC) کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی ئاگادار کردەوە کە لە ماوەی 10 ڕۆژدا کێشە داراییەکانی چارەسەر بکات و ئەو بڕە زۆرەی قەرزەی کە لەسەرییەتی بیبژێرێت، بە پێچەوانەوە هەندێک لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکە ڕادەگرێت.
کۆمسیۆنەکە داوا لە هاوڵاتییان دەکات هیچ سیم کاردێکی کۆڕەک تیلیکۆم نەکڕن، نەفرۆشن، نەگۆڕنەوە و فرۆشیاران و بریکارەکان ئاگادار دەکاتەوە کە هیچ سیم کاردێکی نوێی کۆڕەک نەفرۆشن بە پێچەوانەوە ڕووبەرووی یاسا دەبنەوە.
کۆمسیۆنەکە ڕوونی کردەوە جێبەجێ کردنی ئەم هەنگاوانە پاش بەسەرچوونی مۆڵەتی کۆمپانیاکە دێت لە ڕۆژی 30ی مانگی ئابی ئەمساڵ و نەدانی ئەو “بڕە زۆرە” پارەیەی کە قەرزارە.

کۆمسیۆنەکە ڕایگەیاند “لە بەرواری ئەم بەیاننامەیەوە (22ی 10) لە ماوەی 10 ڕۆژدا کار دەکەن بۆ پرۆسەی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان کۆرەک تیلیکۆم و کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندی کە لە وڵاتەکەدان، تاوەکو کۆمپانیاکە ئەرکە داراییەکانی جێبەجێ دەکات”
ئەمە یەکەمین جار نییە کە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە و پێشووتریش لە مانگی 3ی ساڵی 2019 ڕووبەڕووی سزایەکی هاوشێوە بوویەوە و 5 ڕۆژ پەیوەندی کردنی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندی کردن بلۆک کرا.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.