گووگڵ
23, تشرینی یەکەم 2023
ڕوونی 4K و پشتگیری کردن لە دەسک زیاد دەبێت بۆ Google Play Games Beta لەسەر کۆمپیوتەر

گووگڵ لە ڕابردوودا خزمەتگوزاری Google Play Games Betaی ڕاگەیاند بۆ کار پێکردنی یارییەکانی ئەندرۆید لەسەر ئەو کۆمپیوتەرانەی کە کار بە سیستەمی وەگەڕخەری ویندۆز 10 و 11 دەکەن، ئێستا چەند نوێکارییەکی بۆ خزمەتگوزارییەکە زیاد کردووە کە گۆڕانکاری گرنگن.
ئێستا دەتوانیت یاری بە 3,000 یاری و زیاتر بکەیت لە خزمەتگوزارییەکە
گووگڵ دەڵێت “ئێمە زیاتر لە 3,000 یاریمان بۆ خزمەتگوزارییەکە بەردەست کردووە و بەردەوامین لە زیاد کردنی یارییە داواکراوەکان، لە نوێترین زیاد کراوەکانیشدا هەردوو یاری Clash of Clans و Clash Royal زیاد کراون بۆ خزمەتگوزارییەکە.”

گەڕانی خێرا بۆ یارییەکەت
گووگڵ دەڵێت “داواکاری گەورەی یاریکەران لە ئێمە ڕێگایەکی ئاسانتر بوو بۆ دۆزینەوەی یارییەکانیان، ئێستا لە بەشی “All Games” دەتوانن بۆ هەر یارییەکەت کە بتانەوێت بگەڕێن و ڕاستەوخۆ بیدۆزنەوە.”

پەیوەست بوون لەگەڵ دەسکی یاری کردن
گووگڵ دەڵێت “دەسکەکان وا دەکەن یاری کردن ئاسانتر بێت لەسەر کۆمپیوتەر و بۆیە ئێمە پشتگیری کردنی دەسکمان بۆ خزمەتگوزارییەکە ڕاگەیاند و ئێستا دەتوانن دەسکەکانی Xbox S|X, Xbox One, PS5 DualSense, PS4 DualShock بەکار بهێنن بۆ یاری کردن، چەند یارییەک پشتگیری لێ دەکات بۆ نموونە Asphalt 9: Legends و BADLAND.”
یاری کردن بە ڕوونی 4K
گووگڵ دەڵێت “ئێستا خزمەتگوزارییەکە پشتگیری لە ڕوونی 4K دەکات بۆ کارپێکردنی یارییەکان لەسەر مۆنیتەری گونجاو، دەتوانن بە ئاسانی گۆڕانکاری لە نێوان ڕوونییەکاندا بکەن بە گرتنی Shift + Tab پێکەوە.”
*لە ئێستادا ئەم خزمەتگوزارییەکە لە ژێر تاقیکردنەوەدایە و بۆ هەندێک وڵات بەردەستە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا لە عێراق بەردەست نییە.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.