رەقەکاڵا
9, تشرینی دووەم 2023
کۆمپانیای Valve کۆنسوڵی Steam Deck OLED نمایش کرد

کۆمپانیای Valve زۆر بە بێدەنگی کۆنسوڵی Steam Deck بە ڕوونمای OLED نمايش کرد. وەک لە ناوەکەی دیارە دیاترین گۆڕانکاری بریتییە لە بوونی ڕوونمای OLED و ڕوونماکەی گەورەتر کراوە و ئێستا 7.4 ئینجە، هەروەها چوارچێوەی ڕوونماکەی کەمتر کراوە و ئێستا تێکڕایی نوێ بوونەوەی 90 هێرتزە و ڕووناکی دەگاتە 1,000 نیت.
گۆڕانکاری لە ناوەوەی کۆنسوڵەکەش کراوە، ئێستا APUـی کۆنسوڵەکە قەبارەی 6 نانۆمەترە (جۆری LCD قەبارەی 7 نانۆمەتر بوو)، بەڵام خێرای CPU و GPU هەروەکو خۆی ماوەتەوە و هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.
پاترییەکەی بە ڕێژەی %25 گەورەترە، ئێستا قەبارەکەی 50Whr (جۆری LCD قەبارەی 40Whr بوو)، کۆمپانیای Valve دەڵێت کە ئەم گۆڕانکارییە تەمەنی پاترییەکە بە ڕێژەی %30 بۆ %50 زیاتر دەکات لە جۆری LCD.
کێشی سووکەڵەترە و هەروەها پانکەی ساردکەرەوەکانی گەورەتر کراون. گۆڕانکارییەکانی دیکە بریتیین لە پشتگیری کردن لە Wi-Fi 6E و Bluetooth 5.3. هەروەها بارگاوی کەرەوەکەی توانای هەیە پاترییەکەی لە %20 بۆ %80 لە ماوەی کەمتر لە 45 خولەک بارگاوی بکاتەوە.
لە رۆژی 16ـی ئەم مانگە بەردەست دەبێت، نرخی دەستپێکی کۆنسوڵەکە بۆ بیرگەی 512 گێگابایت بریتییە لە 549 دۆلار و بۆ بیرگەی 1 تێرابایت بریتییە لە 649 دۆلار.

هەروەها جۆرێکی سنوردارکراوی لێ بەردەست دەبێت بە نرخی 679 دۆلار بۆ بیرگەی 1 تێرابایت.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.