ئەپ و نەرمەکاڵا 19, شوبات 2020

لە یادی 30 ساڵەیدا، نوێکارییەکی پڕ لە تایبەتمەندی ڕەوانەی ئەپی Adobe Photoshop بۆ دیسکتۆپ و ئایپاد کرا

ئەمڕۆ، 30 ساڵ تیپەڕبوو بەسەر بەردەستکردنی یەکەمین وەشانی ئەپی Adobe Photoshop ـی تایبەت بە دەستکاریکردنی وێنەکان لە لایەن کۆمپانیای Adobe ـەوە. یەکەمین وەشانی ئەپەکە لە ڕێکەوتی 19 ـی شوباتی 1990 بەردەستکرا. بەم بۆنەیەوە، کۆمپانیای Adobe نوێکارییەکی پڕ لە تایبەتمەندی ڕەوانەی ئەپەکەی لە دیستۆپ و ئایپاد کرد.

لەو کاتەوەی ئەپەکە لە مانگی 11 ـی ساڵی ڕابردوو بۆ ئامێرەکانی ئایپادی ئەپڵ بەردەستکرا، Adobe لە هەوڵی زیادکردنی ئەو تایبەتمەندییە لەبیرکراوانەدایە کە زیادی نەکردبوون. تاوەکو ئێستا ئەپەکە زیاتر لە 1 ملیۆن جار داگیراوە. لە وەشانێکی نوێی Adobe Photoshop بۆ ئامێرەکانی ئایپاد، ئامرازی Object Selection زیاد کراوە، ئامرازە نوێیەکە لە ڕێگەی Machine Learning ـەوە کار دەکات و خودکارانە ناوچەکانی سەر وێنەکان دیاری دەکات.

هەروەها بژاردەکانی دەستکاریکردن بۆ نووسینەکان لە وەشانە نوێیەکەدا زیاد کراون و دەتوانرێت قەبارە، بەرزی و نزمی و زیاتری نووسینەکان دەستکاری بکرێن.

لە وەشانی دیسکتۆپی ئەپەکە بۆ ئامێرەکانی ماک، ئێستا پشتگیری لە دۆخی تاریکی سیستەمی macOS دەکات، پەڕەی تایبەتمەندی Content-Aware Fill باشتر کراوە و لەمەودوا بە بێ داخستنەوە، دیاریکراوەکان و پڕکراوەکان ئەنجام دەدرێن.

هەروەها توانست و جۆرایەتی تایبەتمەندی Lens Blur ـیش لە ئەپەکەدا باشتر کراوە.

وەشانە نوێیەکەی ئەپەکە بۆ دیستۆپ و ئایپاد لە ئەمڕۆوە بۆ بەژداربووانی خزمەتگوزاری Creative Cloud بەردەست دەکرێت.

بە بۆنەی یادی 30 ساڵەی ئەپەکە، Adobe لە وێنەیەکدا تایبەتمەندییە نوێیەکانی ساڵانەی ئەپەکەی لە 1990 تاوەکو ئێستا هاوبەشی پێکردووە. تۆش دەتوانیت لە ڕێگەی هاشتاگی #PsILoveYou30 ـەوە، یادگارییەکانت لەگەڵ ئەپی Adobe Photoshop ئاشکرا بکەیت.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ