ئەیسووس
9, کانوونی دووەم 2024
بەفەرمی زنجیرە مۆبایلی Asus ROG Phone 8 نمایش کرا
ئەیسوس لە پاڵ نمایش کردنی چەند بەرهەمێک لە کۆنگرەی CES 2024، زنجیرە مۆبایلی Asus ROG Phone 8 نمایش کرد کە تەنها لە ڕووی دیزاینی پشتەوە جیاوازییان هەیە.
ڕوونماکانیان لە جۆری AMOLED و بە پانێڵی LTPO و تێکڕایی نوێ بوونەوەیان 120 هێرتزە و ڕووناکییان تاوەکو 2,500 نیتە.
بە چیپسێتی Snapdragon 8 Gen 3 بە هێز کراون و بە ڕامی جۆری LPPDR5X و بیرگەی UFS 4.0 ن. پاترییەکانیان قەبارەی 5,500 مللی ئەمپێر / کاتژمێرییە و پشگیری لە بارگاوی کەرەوەی Qi دەکەن بە خێرایی 15 وات و بارگاوی کەرەوەی بە تەلی 65 وات.

کامێرای سەرەکییان ڕوونی 50 مێگاپیسکڵە بە هەستەوەری IMX 890، هەروەها کامێرای گۆشە فراوان بە ڕوونی 13 مێگاپیسکڵ و کامێرای تێلەفۆتۆ ڕوونی 32 مێگاپیسکڵە توانای سێ هێندە نزیککردنەوەی جۆری ئۆپتیکاڵی هەیە و پشتگیری لە دژە لەرزین (OIS) دەکەن. سێڵفییەکی 32 مێگاپیسکڵیش لە خۆ دەگرن.

زنجیرەکە پشتگیری لە Microsoft Phone Link دەکات، ئەپەکە بەکار دێت بۆ گرێدانی مۆبایل بە کۆمپیوتەری ویندۆز کە لە ڕێگەیەوە دەتوانیت بینین و وەڵامدانەوەی نامەکان، تەماشا کردنی ئاگانامەکان و زیاتریش ئەنجام بدەیت. نرخی جۆری ئاسایی بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 16 گێگابایت بریتییە لە 1,100 دۆلار و نرخی جۆری پرۆ بۆ بیرگەی 512 گێگابایت و ڕامی 16 گێگابایت بریتییە لە 1,200 دۆلار و نرخی جۆری Pro Edition بۆ بیرگەی 1 تێرابایت و ڕامی 24 گێگابایت بریتییە لە 1,500.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.