سامسۆنگ
3, شوبات 2024
تایبەتمەندی Circle to Search بۆ ماوەیەک تەنها لەسەر مۆبایلەکانی سامسۆنگ و گووگڵ بەردەست دەبن

لە کاتی نمایش کردنی زنجیرە مۆبایلی Galaxy S24، سامسۆنگ کۆمەڵێک تایبەتمەندی ڕاگەیاند کە بە ژیری دەستکرد کارییان دەکرد، یەکێکیش لە تایبەتمەندییە نوێیەکان بریتیی بوو لە ڕێگایەکی نوێی گەڕان کە بە هاوبەشی لەگەڵ گووگڵ پەرەی پێ دابوو بە ناوی Circle to Search. لە ڕێگەی تایبەتمەندییەکەوە دەتوانیت گەڕان بۆ هەر شتێک بکەیت کە لە مۆبایلەکەت دەردەکەوێت. هەروەها دوای ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی لەلایەن سامسۆنگەوە، گووگڵ ڕایگەیاند کە بۆ زنجیرە مۆبایلی Google Pixel 8 بەردەست دەبێت.
بەڵام وا دیارە تایبەتمەدنییەکە بۆ بڕاندەکانی دیکەی ئەندرۆید بەم زووانە بەردەست نابێت. بە پێی وتەی سامسۆنگ بێت، بەلایەنی کەمەوە تایبەتمەندییەکە تاکو مانگی دەی ساڵی داهاتوو تەنها لەسەر مۆبایلەکانی گووگڵ و سامسۆنگ بوونیان دەبێت.
سامسۆنگ و گووگڵیش هەمان هەنگاوی ئەپڵ دەگرنە بەر، کە تایبەتمەندییەکان تەنها بۆ بەرهەمەکانی خۆیان بەردەست دەخەن. ئەتوانین بڵێین کە بەردەست خستنی هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی بەرهەمەکانی ئەپڵ بۆ سیستەمەکانی دیکە زەحمەتە و کارێکی زۆری پێویستە، لەوانەشە لە کۆتاییدا بە باشیش کار نەکات بە پێی ئەوەی کە سیستەمەکان لە ڕووی کار کردنەوە جیاوازن، بەڵام ئەوەی سامسۆنگ و گووگڵ لە ئێستادا ئەنجامی دەدەن تەنها قۆرخکارییە و هیچ تر!
ئەمە یەکەم جاریشیان نییە کە وا دەکەن، بەڵکو تاکو ئێستاش دواین وەشانی سیستەمی WearOS، کە تایبەتە بە کاتژمێرە زیرەکەکان، تەنها بۆ کاتژمێرەکانی گووگڵ و سامسۆنگ بەردەستە.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.