ئەپڵ 15, ئازار 2024

ئەپڵ کۆمپانیایەکی تایبەت بە بواری زیرەکی دەستکرد دەکڕێتەوە

لە نێو جەنگی کۆمپانیاکان لە بواری زیرەکی دەستکرددا ئەپڵ تاوەکو ئێستا تاڕادەیەک بێدەنگی هەڵبژاردووە. بەڵام وا دیارە ئەپڵ دەیەوێت چیدیکە بێدەنگ نەبێت و یەکەمین هەنگاوی ئاشکرای لەم بوارەدا بریتییە لە کڕینەوەی کۆمپانیای DarwinAi تایبەت بە بواری زیرەکی دەستکرد بە پێی وتەی پێگەی بلوومبێرگ. کۆمپانیاکە کەنەدییە و بە پێی وتەی پێگەکە بێت ئەپڵ لە سەرەتای ئەمساڵ کۆمپانیاکەی کڕیوەتەوە بەڵام تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراوە. ماڵپەڕ و هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمپانیای DarwinAi دوای کڕینەوەی لە لایەن ئەپڵەوە داخراون و لە ئێستادا بەردەست نین، دەیان کەس لە کۆمپانیای DarwinAi پەیوەندییان بە بەشی زیرەکی دەستکردی ئەپڵ کردووە و توێژەری بواری زیرەکی دەستکرد Alexander Wong کە یارمەتیدەر بووە لە درووست کردنی کۆمپانیاکە، ئێستا بەڕێوبەری گرووپێکی زیرەکی دەستکردە لە کۆمپانیای ئەپڵ.

ئەپڵ لە لێدوانێکدا کڕینی کۆمپانیاکەی پشتڕاست کردەوە و بە شێوەیەکی ئاسایی وتی “ئەپڵ ناوبەناو کۆمپانیا بچووکەکانی تەکنەلۆژیا دەکڕێتەوە” بەڵام باس لە ئامانج و پلانەکانی ناکات. ئەم کڕینەوەیە هەنگاوێکی گەورە و گرنگە پێش ڕاگەیاندنی وەشانی iOS 18 کە پێشبینی دەکرێت وەشانێکی تەواو تێهەڵکێش کراو بێت لە زیرەکی دەستکرد.

سەرچاوە Reuters
بۆچونی تۆ