ئامێرە هەمەجۆرەکان
9, ئاب 2024
درۆنەکان کشتوکاڵ ئاسانتر دەکەن

هەموو ئامرازێک لە جیهانی تەکنۆلۆژی دا وەکوو خەنجەرێکی دوو لێوار وایە کە دەتوانین لە جیاتی ئەوەی کەڵکیان لێوەرگرین، بەرەو خۆمانیان بوەشێنین و زیانمان بەرکەوێت. بەداخەوە هەرکاتێک وشەی درۆنمان گوێ لێ دەبێت، بە بێ ئەوەی بمانهەوێت بیرمان دەڕوات بۆ شەڕ و پێکدادان و وێران کردن، بەڵام درۆنەکان هەر بۆ شەڕ و کاولکاری نین. ئەگەر ویستمان خێر بێت، درۆنەکان یەکێکن لە باشترین کەرەستەکان لە بواری کشتوکاڵ دا. بۆ نمونە ئاماژە بە چەند دانە لە تایبەتمەندی درۆنەکان دەکەم کە لە کشتوکاڵ دا دەستمان دەگرن:
- ڕشاندنی خێرا و یەکبەری قڕکەر و دەرمانی کشتوکاڵ
- چاندنی بەرهەمەکان بە خێرایی و بە شێوەیەکی هاوسەنگ
- چاودێری کردنی زەوی و بەرهەمەکان لە ڕووی نەخۆشیەکان بە کەڵک وەرگرتن لە هەستەوری جۆراوجۆر
- هەڵسەنگاندنی شێی زەوی و هەوا و ئاگادار کردنەوەی جووتیار. بۆ نمونە پێت دەڵێت کە کام شوێنەی زەویەکەت کەم ئاوە و پێویستی بە داشتن هەیە
- خەمڵاندنی ڕێژەی گەشە کردن و لێکدانەوەی لەگەڵ داتای تر بۆ پلان دانان بۆ داهاتووی کێڵگە وەکوو کاتی دروێنە کردن و هتد…
- هەڵگرتنی وێنە و نەخشەی جۆراوجۆر لە کێڵگە بە ڕوونی بەرز
- هەبوونی هەستەوری هەڵسەنگاندنی پلەی گەرما لە دوورەوە. ئەوە بە تایبەت لە کاتی شەوان دا بە کەڵک دێت بۆ دۆزینەوە و ئاگاداری لە بوونی هەر گینلەبەرێک لە کێڵگە دا
- هەڵسەنگاندنی بار و دۆخی خاک و خۆڵ لە ڕووی نەخۆشی، دەوڵەمەندی لە کانزا و مادەکان و هتد…

ئەوانە هەندێک لەو خزمەتگوزاریانە بوون کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان دەتوانن لە بواری کشتوکاڵ دا پێشکەشمان بکەن. بێ گومان ئەو تایبەتمەندیانە وا دەکەن کە پڕۆسەی کشتوکاڵ بە خێراییەکی زۆرتر و ئاستێکی بەرزتر بڕۆنە پێش و هەروەها بەرهەمەکان کواڵتییەکی بەرزتریان هەبێت. بە تایبەت لەو کێڵگانەی کە ڕووبەرێکی زۆریان هەیە و کۆنتڕۆڵ کردنیان زەحمەتە. ئەوەش بەو مانایەیە کە تێچووی کشتوکاڵ کەمتر دەبێتەوە و لە هەمان کاتتدا ڕێژەی بەرهەمی باش زۆرتر دەبێت کە ئەوەش گەشانەوەی ئابووری بەدوادا دێت. لە درێژەی ئەو بابەتە دا چەند دانە لە باشترین درۆنەکانتان پێ پێشنیار دەکەم کە دەتوانن بۆ مەبەستی کشتوکاڵ بە کاری بهێنن:
1- درۆنی کشتوکاڵی DJI AGRAS T50

ئەو درۆنە توانایی هەڵگرتنی 50 کیلۆگرامی هەیە و جگە لە ڕشاندنی کێڵگە، توانایی چاندنی بەرهەمەکانیشی هەیە. هەروەها بە هەبوونی هەستەوری جیاواز وەکوو ئاگادار کەرەوەی بەربەست لە سەر ڕێگا، توانایی کار کردنی لە شوێنی هەوراز و ئەستەمیشی هەیە. خێراییەکی زۆری هەیە و دەتوانێت 5 هێکتار تەنها لە ماوەی 10 خولەک دا بڕشێنیێت و بپێوێت. ئەو درۆنە کۆمەڵێکی زۆر لە تایبەتمەندی پێشکەوتووتری هەیە هەر بۆیەش بە باشترین دادەنرێت لە نێوان درۆنە کشتوکاڵیەکان. نرخی ئەو درۆنە نزیکەی 15 هەزار دۆلارە و لە بەرامبەر خزمەتگوزاریەکانی تەواو گونجاوە. بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی DJI ی بکەن لە ڕێگای ئەو بەستەرەوە:
https://ag.dji.com/t50
2- درۆنی کشتوکاڵی Vtol agrobee 200
ئەگەرچی نرخی ئەو درۆنە یەکجار زۆرە و دەبێت بە هاوبەشی بکڕدرێت، بەڵام بەهۆی تایبەتمەندیەکانی لە ئاستێکی زۆر بەرزتر دایە لەچاو ڕکابەرەکانی. ئەو درۆنە توانایی هەڵگرتنی 200 کیلۆگرام باری هەیە. هەروەها توانایی فڕینی بەردەوامی زیاتر لە کاتژمێرێک هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا لە دژی درۆنەکانی تر بە جیاتی کارەبا کەڵک لە سوتەمەنیەکانی وەکوو بەنزین وەردەگرێت بۆ کارکردن. بۆ زانیاری زیاتر و دابین کردنی ئەو بەرهەمە سەردانی ماڵپەڕەکەیان بکەن:
https://agrobee.tec.br/
3- درۆنی کشتوکاڵی DJI mavic 3

ئەو درۆنە توانایی ڕشاندن یان چاندنی نیە. قەبارەیەکی بچووکی هەیە و بە مەبەستی چاودێری کێڵگەکان دروست کراوە. دەتوانێت لە یەک فڕین دا 200 هێکتار ببڕێت و تا 15 کیلۆمەتر لە خاوەنەکەی دوور ببێتەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە هەستەوەرەکانی زانیاری لە ڕێژەی گەشە، پلەکانی گەرما، شێی زەوی، ڕێژەی گەیشتنی تیشکی خۆر، وێنە و نەخشەی جیاوازی زەوی، بینینی ڕاستەوخۆی کێڵگە، ئاگاداری لە نەخۆشی خاک و گیا و هتد، دۆخی کێڵگەکان کۆبکاتەوە و لە هەمان کاتتدا نرخێکی زۆر گونجاویشی هەیە. زانیاری زیاتر لە ڕیگەی ئەو بەستەرەوە ببینن:
https://ag.dji.com/mavic-3-m