مۆبایل و تابلێت 7, نیسان 2020

مۆبایلی OnePlus 8 Pro پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی بێوایەری خێرا بە توانای 30 وات دەکات

هەفتەی ڕابردوو بەڕێز Pete Lau، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای وەنپڵەس دڵنیایی دا کە مۆبایلی داهاتوویان خاوەن بارگاویکردنەوەی بێوایەری خێرا دەبێت، ئەویش OnePlus 8 Pro دەبێت، ئەمەش دەبێتە یەکەمین جار کە مۆبایلێکی وەنپڵەس خاوەن ئەو تایبەتمەندییە ببێت.

بەڕێوەبەرەکەی وەنپڵەس ئاشکرای کرد کە تەکنەلۆژیای بارگاویکردنەوەی بێوایەری خێرای مۆبایلەکانی OnePlus 8 بە توانای 30 وات دەبێت و لە توانایدا دەبێت بە 30 خولەک تاوەکو 50% مۆبایلەکە بە بێ وایەر بارگاوی بکاتەوە. بەمەش توانای بارگاویکردنەوەی بێوایەری خێرای مۆبایلەکە لە مۆبایلەکانی سامسۆنگ و ئەپڵ زیاتر دەبێت، بەڵام پێشتر کۆمپانیاکانی شاومی و ئۆپۆ تەکنەلۆژیای بارگاویکردنەوەی بێوایەری خێرای 30 وات و زیاتریان بەکارهێنابوو، هەر بۆیە شتێکی نوێ نییە.

هەروەها وەنپڵەس ئامێری بارگاویکەرەوەی بێوایەری خێرا لەگەڵ مۆبایلەکە بەردەست دەکات، دەگوترێت نرخی ئامێرەکە 70€ دەبێت.

پێشتر تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکان دزەیان پێکرابوون و دەرکەوت کە خاوەن پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 865 دەبن و بۆ یەکەمجار جۆرە Pro ـیەکەی پشتگیری لە بارگاویکەرەوەی بێوایەر دەکات و خاوەن بڕوانامەی IP68 دەبێت بۆ بەرگری لە بەرانبەر تۆز و ئاو، کە تاوەکو ئێستا هیچکام لە مۆبایلەکانی وەنپڵەس خاوەن ئەو دوو تایبەتمەندییە نەبوون.

زنجیرە مۆبایلەکانی OnePlus 8 لە ڕێکەوتی 14 ـی ئەم مانگەدا نمایش دەکرێن.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ