ئامێرە هەمەجۆرەکان
26, کانوونی یەکەم 2024
ئەم ڕۆبۆتە توانای ڕۆیشتن بە کەسانی ئیفلیج دەدات

توێژەرانی تاقیگەی Exoskeleton لە کۆریای باشوور لە دامەزراوەی زانست و تەکنۆلۆژیای کۆریا، توانیان ڕۆبۆتێک پەرە پێبدەن کە کەسانی ئیفلیج بە لەبەرکردنی ئەو ڕۆبۆتە، بتوانن پیاسە بکەن و تەنانەت بەسەر قادرمەشدا (پەیژەش) سەرکەون.
یەکێک لە پەرەپێدەرانی ڕۆبۆتەکە دەڵێت:
دوای بینینی فلمی پیاوی ئاسنین Iron Man، بیرم بۆ ئەوە چوو کە زۆر باش دەبێت ئەگەر بتوانم بە کەڵک وەرگرتن لە ڕۆبۆتێک، یاریدەی خەڵک بکەم لە جیهانی ڕاستیدا.

ئەو ڕۆبۆتە کە بەناوی WalkON F1 دەناسرێت، بە کانزاکانی ئەلەمینیۆم و تیتانیۆم دروست کراوە و تەنیا 50 کیلۆ گرام کێشی هەیە. ڕۆبۆتەکە 12 بزوێنەری کارەبایی هەیە بۆ ئەوەی کە جوڵەی هاوشێوەی جومگەکانی لەشی مرۆڤی هەبێت. هەروەها چەندین هەستەوەر لە بەشی خوار قاچەکان و بەشی سەرەوەی لەش، گونجێندراوە کە لە هەر چرکەیەکدا لێکدانەوە بۆ زیاتر لە 1000 ئاماژە (سیگناڵ) دەکات و جوڵەکانی بەکارهێنەر پێشبینی دەکات.

جگە لەوە هەبوونی چەندین لێنز، وادەکات کە ڕۆبۆتەکە بە لێکدانەوەی سروشتی دەوروبەر، بەرزایی قادرمەکان و بەربەستەکان بزانێت و جوڵەکانی هاوئاهەنگتر و ڕاستتر بێت.

کیم سێئونگ هوان، یەکێک لە پەرەپێدەرانی ڕۆبۆتەکە، توشی نەخۆشی ئیفلیج بووە. ئەو توانیویەتی بە کەڵک وەرگرتن لە ڕۆبۆتەکە بە خێرایی 3.2 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا پیاسە بکات و بەسەر قادرمەکاندا سەر بکەوێت. ئەو باس لە سوودمەند بوونی لە ڕۆبۆتەکە دەکات و دەڵێت کە ئەزموونی باشم لەگەڵی هەبووە.
ڕۆبۆتی WalkON F1 و هاوشیوەکانی هەنگاوێکی گەورەن بۆ باشتر کردنی ژیانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆش و دەتوانن ببن بە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی خەڵک.