ژینگە و تەکنەلۆژیا 16, کانوونی دووەم 2025

چین کەڵک لە درۆن وەردەگرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەفربارین

چین بۆ بەرەنگار بوونەوەی کەمی ئاو و زۆر کردنی بارین، کەڵکی لە درۆنەکان وەرگرتووە بۆ چاککردنی کەش و هەوا لە بەرزایی کێوەکانی کونلون. بە پێی ڕاپۆڕتی شینهوا، کێوەکانی کونلون سەرچاوەی سەرەکی ئاون لە رۆژئاوای چین و ئەو وڵاتە دەیەوێت سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی دووبارە پڕ بکاتەوە بۆ ئەوەی کە پێویستی ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ و پیشەسازی دابین بکات.

وڵاتی چین بۆ ئەو مەبەستە کەڵکی لە درۆنەکان وەرگرتووە بۆ ئەوەی کە بتوانن رێژەی کاتالیستی پێویست بۆ هەورەکان دابین بکەن. ئەو درۆنانە هەستەوەری وردبینی جۆراوجۆریان لەسەر جێگیر کراوە بۆ ئاگادار بوونەوە لە شوێنی ورد، رێژەی شێ، باری هەوا و هەور، مادەکانی ناو هەوا و هتد. تاقیکردنەوەکان لە بەرزایی 3500 مەتری ئەنجام دراون. هەروەها درۆنە پڕچەک کراوەکان بە کانزای دوکەڵساز، توانیویانە کارەکەیان بە سەرکەوتوویی لە بەرزایی 4200 مەتری ئەنجام بدەن.

ناوەندی کەش و هەوای سین کیانگ، لە سەرەتای ساڵی 2024ـیەوە تا ئێستا 23 تاقیکردنەوەی بە درۆنی گەورە و مامناوەند کردووە. ئەو تاقیکردنەوانە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی رێژەی کاریگەری درۆنەکان بووە لە چاککردنەوەی کەش و هەوا.

تاقیکردنەوەکان کاریگەری ئیکۆلۆژی سودبەخشیان دەبێت لەسەر ژینگە بیابانیەکان، چڕ و پڕ کردنی گیا و گۆڵ و کەمکردنەوەی زریانی تۆز و خۆڵ. لە تاقیکردنەوەکانی پیتاندنی هەورەکان، کەڵک لە تێکەڵەی ماددە کیمیاویەکانی وەک یۆدای زیو و پۆتاسیۆم، یا کاربۆن دی ئۆکسیدی بەستوو، وەردەگیرێت.

سەرچاوە Xinhua net
تاگەکان drone درۆن ژینگە
بۆچونی تۆ