Open AI
19, نیسان 2025
چات جی پی تی ئێستا هەموو گفتوگۆکانی ڕابردووی لە یاد دەمێنێت
کۆمپانیای OpenAI تایبەتمەندی بیرەوەری (Memory) چاتبۆتەکەی باشتر دەکات و ئێستا هەموو گفتوگۆکانی ڕابردووی تۆی لە یادە. سام ئاڵتمان، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای OpenAI، لە پۆستێکی ئێکس/تویتەر باسی لەوە کرد کە ئامانج لەم هەنگاوەیان بۆ دروستکردنی چاتبۆتێکە کە زیاتر لە بارەی ژیانتەوە بزانێت و یارمەتیت بدات.
تایبەتمەندییەکە لە ساڵی ڕابردوو بە توانایەکی زۆر سنووردارەوە و ڕاگەیەندرا، کە دەیتوانی تەنها ئەو زانیارییانەی بیر بمێنێت کە بەکارهێنەر ڕێگەی پێ دەدات. لەگەڵ ئەم نوێکارییە بۆ تایبەتمەندییەکە چاتبۆتەکە لەمەودوا توانای دەبێت هەموو گفتوگۆکانی ڕابردووی بیر بمێنێت و سوودیان لێ وەربگرێت لە وەڵامەکانیدا.
ئێستا تایبەتمەندییەکە لە هەموو وڵاتەکانی جیهان بەردەستە بۆ بەکارهێنەرانی پرۆ، جگە لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و شانشینی یەکگرتوو و سویسرا، ئەمەش بەهۆی یاسایی تایبەت بە ژیری دەستکرد لە وڵاتەکان. بەم زووانە بۆ بەکارهێنەرانی پڵەس، Team و Edu بەردەست دەکرێت.
موحەمەد نەجات
نوسەری پێشکەوتوو لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، دەرچووی بەشی سیستەمی زانیاری کارگێڕی.