بیروڕا 8, شوبات 2026

قازانجیان لێرە، زمانی ئەولا: تراژیدیای پەراوێزخستنی زمانی کوردی لەلایەن کۆمپانیاکانی مۆبایل لە کوردستان

لە چوارچێوەی بەجیهانیبوون و کرانەوەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕووی کۆمپانیا و بڕاندە جیهانییەکاندا، تێبینی دیاردەیەکی ناهاوسەنگ دەکەین لە شێوازی پەیوەندی و بەبازاڕکردنی ئەم دامەزراوانە. وێڕای ئەوەی زۆربەی ئەم بڕاندانە بارەگای سەرەکی و کارەکانیان لە شاری هەولێری پایتەختەوە بەڕێوەدەبەن، بەڵام لە ستراتیژیەتی دیجیتاڵی و میدیاییاندا، جۆرێک لە “پەراوێزخستن” و “فەرامۆشکردن”ـی زمانی کوردی بەدی دەکرێت. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی ئەم کەلێنە و بیرخستنەوەی بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی ئەو کۆمپانیایانە بەرامبەر بە زمانی فەرمی و زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.

یەکەم: پێشێلکردنی بنەما دەستووری و یاساییەکان

بەپێی ماددەی (٤) لە دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵ، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، زمانی فەرمی دەوڵەتە. ئەم ماددە دەستوورییە تەنها ئاماژەیەکی تەشریفاتی نییە، بەڵکو پابەندبوونێکی یاسایی دەخاتە ئەستۆی سەرجەم دامەزراوەکان کە لەم جوگرافیایەدا کار دەکەن. کاتێک بڕاندێک لە کوردستان کار دەکات، ڕێزگرتن لە زمانی دایک و زمانی فەرمی ناوچەکە، بەشێکە لە “مۆڵەتی ئەخلاقی” کارکردنیان، نەک خێر و چاکە.

دووەم: شیکارییەک بۆ پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان (سۆشیاڵ میدیا و وێبسایت)

لە ڕێگەی بەدواداچوونمان بۆ هەژمارە فەرمییەکانی ئەو بڕاندانە، دوو کێشەی سەرەکی دەستنیشان دەکرێن:

١. نەبوونی دادپەروەری لە داڕشتنی ناوەڕۆک: لە دیزاین و پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، زمانی عەرەبی باڵادەستە  و زمانی کوردی زۆرجار وەک پاشکۆ دەردەکەوێت یان هەر بوونی نییە. تەنانەت کاتێک بەکاردەهێنرێت، لە ڕووی پلەبەندی خوێندنەوەوە لە دوای زمانی عەرەبییەوە دێت.

٢. نەبوونی وێبسایتی کوردی: جگە لە کۆمپانیای سامسۆنگ (Samsung) کە شایستەی ستایشە بۆ دابینکردنی وێبسایتێکی کوردی پوخت و ڕێک، زۆربەی بڕاندەکانی تر پشتگوێی ئەم لایەنەیان خستووە. کاتێک بەکارهێنەرێکی کورد دەچێتە ناو ماڵپەڕی فەرمی ئەو بڕاندانە بە شوێنکەوتەی عێراق، تەنها بژاردەی عەرەبی (و هەندێکجار ئینگلیزی و زمانی تر) دەبینێت.

سێیەم: پاساوەکان بەرامبەر بە واقیع

لەکاتی ئاڕاستەکردنی پرسیار بۆ نوێنەرانی ئەم کۆمپانیایانە دەربارەی هۆکاری نەبوونی زمانی کوردی، زۆرجار وەڵامەکە بریتییە لە “لە پلانماندایە” یان “کاری لەسەر دەکەین”. بەڵام ئەم پاساوانە لە چوارچێوەی “بەڵێنی بێ کردار” دەمێننەوە. لە جیهانی تەکنەلۆژیا و بازرگانیدا، زیادکردنی زمانێک بۆ وێبسایت یان دیزاین، پڕۆسەیەکی ئاڵۆز نییە، بەڵکو پەیوەندی بە “ویست” و “ڕێزگرتن”ـەوە هەیە. ئەزموونی سامسۆنگ سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەگەر ویست هەبێت، جێبەجێکردن کارێکی ئاسانە.

چوارەم: دەرەنجام و ڕاسپاردەکان

بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ڕێڕەوە، پێویستە هەنگاوی کردەیی بنرێت:

  • ئاراستەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان: داواکارین لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، وەزارەتی بازرگانی و دەستەی وەبەرهێنان، کە مەرجی “بەکاربردنی زمانی کوردی” لە پەیوەندییە گشتییەکان و بەبازاڕکردندا بکەنە مەرجێکی بنەڕەتی بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکان. فەرامۆشکردنی زمانی نەتەوەیەک لەلایەن میوانەکانییەوە، جۆرێکە لە سووکایەتی کە پێویستە بە ڕێکاری یاسایی سنووری بۆ دابنرێت.
  • ئاراستەی بەکارهێنەران: وەک بەکارهێنەر و کڕیار، ئێمە خاوەنی هێزی کارتێکردنین و کاریگەریمان هەیە. داوا لە خوێنەران و بەکارهێنەرانی ئەو بڕاندانە دەکەم کە لە ڕێگەی کۆمێنت، ئیمەیڵ و هەڵمەتی مەدەنییەوە، ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن. زمانی ئێمە ناسنامەی ئێمەیە؛ ئەگەر خۆمان داوای نەکەین، ئەوانیش بەردەوام دەبن لە فەرامۆشکردنی.
  • خودی بڕاند و کۆمپانیاکان: داوا لە خودی بڕاندەکان دەکەین بەڕشدی کار لەسەر زمانی کوردی بکەن و لە سۆشەل میدیا و پێگەکانیان بەکاری بهێنن. تەنانەت گرنگە کار لەسەر زیادکردنی زمانی کوردی بکەن لە ڕووکارەکانی سیستەمی ئەندرۆیدی بەکارهێندراو لە مۆبایل و تابلێتەکانیان.
تاگەکان Opinion بیروڕا
بۆچونی تۆ