سیستەمی وەگەرخەر
16, ئەیلوول 2025
گووگڵ ئەپێکی نایابی هاوشێوەی Spotlight بۆ ویندۆز بەردەست دەکات

گووگڵ ئەپێکی نوێی گەڕان تاقی دەکاتەوە بۆ سیستەمی ویندۆز. بۆ کارپێکردنی ئەپەکە، لەسەر تەختەکلیل Alt + Space دادەگریت و پاشان دەتوانیت گەڕان ئەنجام بدەیت لە ناو فایلەکانی کۆمپیوتەرەکەت، لە گووگڵ درایڤ یان لە وێبدا.
ئەپەکە بە زیرەکی دەستکرد بەهێز کراوە و ئەپی Lens تێهەڵکێش کراوە. ئەمەش مانای وایە دەتوانیت گەڕان بۆ هەر وێنەیەک ئەنجام بدەیت کە لەسەر ڕوونماکەت هەیە، وە دەقەکان هەڵبژێریت و وەرگێڕانی بۆ بکەیت.

لە نموونەیەکدا گووگڵ پرسیارێکی بیرکاری بەم تایبەتمەندییە نوێیە لەسەر ڕوونمای کۆمپیوتەرەکە دیاری کردووە و پاشان Google AI Mode يارمەتیداوە لە دۆزینەوەی وەڵامەکەی. وە هاوشێوەی بزوێنەری گەڕانی گووگڵ دەتوانیت لە کاتی گەڕاندا بەشە جیاوازەکانی وەک وێنە و ڤیدیۆ یان بازاڕی کردن هەڵبژێریت.

لە ئێستادا ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەی تاقیکاری بەردەستە لە ئەمریکا و بە زمانی ئینگلیزی بۆ ویندۆز 10 و سەرووتر. لە داهاتوودا بۆ تەواوی بەکارهێنەران بەردەست دەبێت.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.