شاومی
25, ئەیلوول 2025
شاومی دوو تابلێتی نوێی لە چین نمایش کرد

شاومی ئەمڕۆ لە پاڵ زنجیرەی شاومی 17، دوو تابلێتی نوێی بە ناوەکانی پاد 8 و پاد 8 پرۆ نمایش کرد. هەردوو تابلێتەکە خاوەن یەک جۆری ڕوونمان کە قەبارەی 11.2 ئینجە لە جۆری LCD بە ڕوونی 3.2K و تێکڕای نوێبوونەوەی 144 هێرتز. ڕووناکی کۆتایی دەگاتە 800 نێت و جۆرێکی تایبەتی دەبێت کە ڕوونماکەی دژە تیشکدانەوەیە بە ڕێژەی %70. جۆری ئاسایی کار بە چیپسێتی Snapdragon 8s Gen 4 و جۆری پرۆ کار بە چیپسێتی Snapdragon 8 Elite دەکات.

کامێرای دواوەی جۆری ئاسایی ڕوونی 13 مێگاپێکسڵە و کامێرای سێڵفی 8 مێگاپێکسڵە. بەڵام جۆری پرۆ کامێرای دواوەی 50 مێگاپێکسڵ و کامێرای سێڵفی 32 مێگاپێکسڵە. هەردوو تابلێتەکە خاوەن پاترییەکی 9,200 مللی ئەمپێر/کاتژمێرین بەڵام جۆری ئاسایی پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی 45 وات و جۆری پرۆ پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی 67 وات دەکات. هەردوو تابلێتەکە پشتیگری لە پێنووسی زیرەک و تەختەکلیل دەکەن.

نرخی دەستپێکی جۆری ئاسایی بۆ بیرگەی 128 گێگابایت و ڕامی 8 لە چین بریتییە لە 308 دۆلار و نرخی دەستپێکی جۆری پرۆ بۆ هەمان بیرگە و ڕام بریتییە لە 392 دۆلار. ئەگەر بتەوێت ئەو جۆرە بکڕیت کە ڕوونماکەی لە جۆری Matte Edition ـە و تیشکدانەوەی کەمە، ئەوا نرخی بۆ جۆری ئاسایی و بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 8 گێگابایت بریتییە لە 378 دۆلار و بۆ جۆری پرۆ و بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت بریتییە لە 505 دۆلار.
میران ئەبوبەکر
بەڕێوبەری نووسین لە پێگە و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی.